فه‌یسه‌ڵ یووسف: سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌ لەوەی كورد له‌ ئایینده‌ی سووریادا به‌شدار بێت

K24 - هەولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەستەی سەرۆكایەتیی (ئەنەكەسە) ده‌كات؛ هاوكات گوته‌بێژی ئه‌نه‌كه‌سه‌ ده‌ڵێت، سه‌رۆك بارزانی هه‌موو كات پێشوازییان لێ ده‌كات و به‌رده‌وام پشتگیریی له‌ كوردی سووریا كردووه‌.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 7ـی ئایاری 2024) فه‌یسه‌ڵ یووسف، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا  پشتیوانیی تەواوی خۆی كوردی سووریا و ئه‌نه‌كه‌سه‌ دووپات كرده‌وه‌.

فه‌یسه‌ڵ یووسف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست گه‌لی كورد له‌ سووریا به‌سه‌ر قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابووریی و ئه‌منییه‌كاندا زاڵ بێت و ئه‌و قۆناغه‌ی ئێسته‌ تێپه‌ڕێنێت.

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا گوتیشی، سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌ و به‌ پێویستی زانی كورد له‌ ئایینده‌ی سووریا به‌شدار بێت.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌رۆك بارزانی دووباره‌ داوای یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگیی كوردی سووریای كردووه‌ بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس و ئایینده‌یان و به‌شداریان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ سووریا.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 7ـی ئایاری 2024) سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا هەلومەرج و دواپێشهاتەكانی سیاسیی سووریا و ناوچەكە تاوتوێ كران و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخ و گوزەرانی هاووڵاتیانی كورد و ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم لایەنە سیاسیەكان و هاووڵاتیانی كورد لە سووریا.

داهاتووی كورد لە سووریا و هاوكێشە سیاسی و دەولییەكانی كاریگەر لەسەر دۆخی سووریا تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.