ڕاوێژکارێكی دارایی سوودانی: عێراق لە قۆناغێکی مەترسیداری داراییدایه‌

بانكی ناوه‌ندی عێراق
بانكی ناوه‌ندی عێراق

K24 – هەولێر:

ڕاوێژکارێكی دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، عێراق بە قۆناغێکی مەترسیداری داراییدا تێدەپەڕێت.

مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، پێم وایە قۆناغەکە زۆر مەترسیدارە، مەترسییەکە لەدوو لایەنەوەیە، یەکەمیان حکوومەت هانی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەدات، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە تێکەڵ بەمامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکاندا بکرێت، لە کاتێکدا ئەم بابەتە پێویستی بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی گشتگیریی ئەلیکترۆنی هەیە، دووەمیان هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەدا، بانکە ئەهلییەکان رووبەڕووی هێدمەیەکی گەورە بوونەتەوە، بە هۆی بێبەشکردنیان لە وەرگرتنی دۆلار بەهۆی ئەو سزایانەی بەسەریاندا سەپێندراون، کە ژمارەیان 32 بانکە، ئەمە پرسێکی ئیجگار گەورە و مەترسیدارە.

لەلایەکی دیکە عالیە نسەیف ئەندامی لیژنەی دەسپاکیی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تەنیا بانکێک توانیویەتی دەستڕاگەیشتنی بە سێ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار لە مەزادی دراوەکانی بیانیدا هەبێت و بەهۆیەوە 39 ملیار و 300 ملیۆن دیناری قازانج کردووە.

ڕوونیشی دەکاتەوە چەند کەسێک لە بانکی ناوەندی لەپێناوی بەرژەوەندیی کەسیی، پشتیوانی لەم بابەتە دەکەن و ڕێگە نادەن بانکی بازرگانی عێراقی پارەکان بگوازێتەوە بۆ ئەوەی لە دروستکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و کەرتی خزمەتگوزاری دیکە وەبەرهێنانی تێدا بکات.

هاوکات ئەو ئەندامەی لیژنەی دەسپاکی ئاماژە بەوە دەکات، بانکی عێراقی- ئوردنی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە زۆرترین دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی بە دراوی بیانی پێ دراوە، کە بڕەکەی 15 ملیار دۆلارە، واتە قەبارەی وەرگرتنی مەزادی دراوی بیانی ئەم بانکە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقی، بریتی بووە لە یەک لەسەر چواری کۆی قەبارەی مەزادەکانی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی.