بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بوو
K24 – دەربەندیخان:
بۆ جاری پێنجەم لە تەمەنی خۆیدا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد، بەنداوەکە تەمەنی زیاتر لە 63 ساڵە لە ماوەکانی ڕابردووشدا 13 جار بە تەواوەتی پڕ بووە و پێنج جاریش سەرڕێژی کردووە، سەرڕێژکردنی ئەم جارەی بەنداوەکە لە کاتێکدایە چەند ساڵێکە بەهۆی کەمیی بڕی باران گرفتی کەمئاویی لە ناوچەکەدا هەیە.
دوای هەشت ساڵ بەنداوەکە جارێکی دیکە زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی گل دایەوە و بە تەواوەتی پڕ بووە، بەم شێوازەش بەنداوەکە دوای پڕبوونی جارێکی دیکە سەرڕێژی کردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا گرفتی کەم ئاوی ڕووی لە بەنداوەکە و دانیشتووانی ناوچەکەش کردبوو، بە هۆی کەمی بڕی باران و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو کە لە ئێرانەوە دەڕژێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش ئەو سەرچاوانەی لە ڕووباری سیروانەوە دەڕژێنە نێو بەنداوی دەربەندیخان.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەنداوی دەربەندیخان دوای ئەوەی زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی گل دایەوە و دوای پڕبوونی بۆ پێنجەم جارە سەرڕێژ دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو هەبووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، بەنداوی دەربەندیخان پڕۆژەیەکی ستراتیجییە، چوارەم بەنداوە لەسەر ئاستی عێراق و، دووەم بەنداوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەروەها تاکە بەنداوە لە عێراق کە ئەمساڵ سەرڕێژ بوو.
لە سنووری دەربەندیخان و باشووری بەنداوەکە لە وەرزی ئەمساڵدا زیاتر لە 950 ملیم باران باریوە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە و پڕبوونی، هاووڵاتییان و جووتیارانی ناوچەکەی دڵخۆش کردووە.