ئەمیر ساعدی: رێگەی دیبلۆماسی باشترین چارەسەرە

ئەمیر ساعدی، شرۆڤەکاری سەربازی
ئەمیر ساعدی، شرۆڤەکاری سەربازی

K24-هەولێر

شرۆڤەکارێکی سەربازیی پێی وایە جووڵە سیاسییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و ئێران، دەرخەری ئەو هەوڵەیە کە دەدرێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخە گرژەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە(8ی ئایاری 2024)، ئەمیر ساعدی، شرۆڤەکاری سەربازی بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، کەمبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە کارێکی ئاسان نییە، جوڵەیەکی سیاسیی هەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەمەریکا و ئێران، ئەو جووڵە سیاسییانە بوونە هۆکاری کەمبوونەوەی گرژییەکان.

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، عێراق  دەیەوێت ببێتە خاڵی هەڵمژینی ئاڵۆزییەکان و بەشێوەیەک بارودۆخەکە هێور بکاتەوە لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا، دەیەوێت خۆی لەو ئاڵۆزیانە بپارێزێت.

ساعدی دەڵێت: هەر گۆڕانکارییەک پێویستی بە بنەمای دیبلۆماسیەتێکی بەرزە، دەوڵەت پێوستی بە هەمووانە بۆ ئەوەی ئاوەدان بکرێتەوە، بوونی گرژی و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان مەترسیدارە، دەشڵێت: کۆ دەنگییەک هەیە لەلایەن هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان، لەگەڵ ئەوەی بوونی هێزەکانی بیانی ئاڵۆزی دروست دەکات.

ساعدی گوتی: سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق وڵاتێکی بەهێزە، بەڵام نایانەوێت عێراق بخەنە بارودۆخێکی سەخت.

دەشڵێت، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، بۆ باسکردنی هێرشەکانی سەر هەولێر بوو، ئەوەش هەنگاوێکی بەهێزە بۆ هێورکردنەوەی ئەو بارودۆخە گرژانە.