ئیسرائیل لەبەر هێرشی سەر ڕەفح، لە پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بێبەش دەکرێت
K24- هەولێر
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ ڕاگرتنی گواستنەوەی تەقەمەنی بەهێز و ئاست بەرز بۆ ئیسرائیل، دوای پلانەکانی ئیسرائیلدا هات بۆ هێرشکردنە سەر ڕەفح کە واشنتن دژی ئەو هێرشەیە بەبێ گەرەنتیی پاراستنی خەڵکی سڤیل.
لوێد ئۆستن دەڵێت، ئێمە هەر لە سەرەتاوە زۆر ڕوونی گوتمان کە ئیسرائیل نابێت هێرشێکی گەورە بکاتە سەر ڕەفح بەبێ ڕەچاوکردنی سەلامەتیی هاوڵاتیانی مەدەنی نزیک لەو شەڕە. جارێکی دیکە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، ئێمە بارێکی تەقەمەنی بەرز و بەهێزمان ڕاگرت، دەشڵێت، هیچ بڕیارێکمان نەداوە لەسەر چۆنێتیی گواستنەوەی ئەو بارە پڕ تەقەمەنییە بەهێزە.
نوێنەری هەمیشەیی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەلعا ئێردان، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، پێی وایە ئەمەریکا واز لە دابینکردنی چەک بۆ ئیسرائیل ناهێنێت، بەڵام بڕیارەکەی واشنتنی بۆ ڕاگرتنی بڕێک لە چەک، بە زۆر نائومێدکەر وەسف کرد.
ئێردان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 12ی ئیسرائیل گوتی: سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ناتوانێت بڵێت کە ئەو هاوبەشی ئێمەیە لە ئامانجی لەناوبردنی حەماس لە شەڕی غەزەدا، لە کاتێکدا لە لایەکی دیکەوە ئەو چەکانە دوا دەخات کە بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس پێویستن.