عێراق.. نزیکەی یەک ملیۆن منداڵی بێسەرپەرشت هەن

منداڵێکی بێسەرپەرشت لە عێراق
منداڵێکی بێسەرپەرشت لە عێراق

K24 - هەولێر

لە دەرئەنجامی جەنگ و ئەو گرژی و ئاڵنگارییە یەک لە دوای یەکانەی هەمیشە یەخەی عێراق دەگرن، وایکردووە لە وڵاتەکەدا نزیکەی ملیۆنێک منداڵی بێسەرپەرشت هەبێت، کە زۆرینەی هەرەزۆریان لەژێر هیچ جۆرە چاودێرییەکی حکوومی و ناحکوومیدا نین و بەشێکی زۆریان شوێنی مانەوە و خەوتنیان دەستناکەوێت.

بێسەرپەرشتانی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە نازی دایک و باوکیان بێبەش بوون، کەچی حکوومەتیش نازیان هەڵناگرێت. عێراق کە لە هیچ کات و سەردەمێک بێ شەڕ و ئاڵنگاری و ململانێ نەبووە، هەمیشەش چینی هەژار و خەڵکانی سڤییل سوتماکی ئەو شەڕ و ئاڵنگارییانە بوون.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق،  بە نزیکەیی یەک ملیۆن منداڵی عێراقی بێسەرپەرشتن، کە زۆرینەیان لە ژێر هیچ چاودێرییەکی حکوومی و ناحکوومیدا نین و زۆرێکیان شەوانە شوێنی خەوتنیشیان دەستناکەوێت.

حەیدەر ئال دەهش، نێردەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بەرگریکردن لە مافەکانی منداڵان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەنها 22 خانەی بێسەرپەرشتان لە عێراقدا هەن، کە هەریەک لەو خانانەش کەمتر لە 100 بێسەرپەرشتیان لە خۆگرتووە و ئەمەش رێژەی تەنها ٪0.3ـی کۆی ژمارەی بێسەرپەرشتانی وڵاتەکە دەکات. دەشڵێت، ئەو ژمارەیە سەلمێنەری ئەوەیە زۆرینەی رەهای بێسەرپەرشتانی عێراق لەژێر هیچ چاودێرییەکدا نین و هیچ لایەنێک ئاگاداری حاڵیان نییە.

لەلای خۆیەوە، د.ئەحمەد مەهودەر، توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی ئاماژە بە کاردانەوەی کۆمەڵایەتی و دەروونی مەترسیدار بۆ منداڵە هەتیوەکە دەکات و دەڵێت، بێ چاودێری مانەوەیان وادەکات ئەو منداڵانە رێگەی مەترسیدار لە ژیانیان بگرنەبەر کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیان دروست بکات.

 گوتیشی، منداڵە بێسەرپەرشتەکان زۆرینەیان یان ناخوێنن یانیش لە خوێندن دابڕاون، ئەمەش وادەکات ئەو منداڵە ناچار بێت سەرقاڵی هەندێک کاروبار بێت کە لەگەڵ تەمەنی خۆی و سروشتی پێکهاتەکەیدا نەگونجێت، باسی لەوەش کرد، بەهۆی سەختی بارودۆخی ئابووریەوە ئەو منداڵانە بەرپرسیارێتییەکی گەورە و زۆر قورسیان لە ئەستۆدایە و ئەوان بەرگەی ئەو هەموو فشارە زۆرە ناگرن.

لە ماوەکانی رابردووشدا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی وازهێنانی منداڵان لە خوێندن و فراوانبوونی دیاردەی کاری منداڵان لە بازاڕەکاندا دا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش عێراقی لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی بۆ بوونی زۆرترین رێژەی کارکردنی منداڵانی خوار 18 ساڵ هەژمارکرد.