بە زیاتر لە ملیارێک و 327 ملیۆن دینار چەندان پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سلێمانی دەکرێت
K24- هەولێر
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە ملیارێک و 327 ملیۆن دینار، چەندان پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سلێمانی جێبەجێ دەکات.
ئەمڕۆ پێنچشەممە(9 ی ئایاری 2024)، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی چەند فەرمانێکی وەزاری، ڕەزامەندی بۆ خەرجکردنی بڕی ملیارێک و 327 ملیۆن و 120 هەزار دیناریان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوە، ئەوەش لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ شوێنە جیاوازەکانی شارەکە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی نییە، بەڵکوو بەپێی ڕێنماییەکانی دارایی تایبەت بە داهات خەرج دەکرێت، بەمەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کارگەی قیری شارەوانی، گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شەقام و کۆڵانەکان، بەڕێوەبردنی هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی شاری سلێمانی.