نەهلە ئەفەندی: فراکسیۆنی پارتی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمانی عێراق ئیمزای کۆ کردووەتەوە
K24- هەولێر
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ فراکسیۆنەکەیان ئیمزایان کۆ کردۆتەوە بۆ ئەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمانی عێراق درێژ بکرێتەوە، تاکوو بتوانن چەند پرۆژەیەکی گرنگ پەسەند بکەن.
نەهلە ئەفەندی بە کوردستان24ی ڕایگەیاند، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، واژوویان بۆ درێژکردنەوەی ماوی کارکردنی پەرلەمانی عێراق کۆ کردۆتەوە، لەبەر ئەوەی سبەی پشووی پەرلەمان دەست پێ دەکات.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق دەڵێت، بۆ ئەوە ئیمزامان کۆ کردەوە، تا بتوانین کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق درێژ بکەینەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین، هەروەها بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بوودجە و بەتایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی ڕاستەقینەوە بۆ خەرجیی حاکیمە، هاوکات بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی شەرعی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوارچێوەی ئەو بابەتانە دەبێت کە لە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمان کاری لەسەر دەکرێت.