کونسوڵی گشتیی تورکیا دەچێتە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمیی خۆی دەردەبڕێت

ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا بە وەکالەت لە هەولێر
ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا بە وەکالەت لە هەولێر

K24- هەولێر

کونسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر، چووە بەشە سووتاوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمی خۆی و وڵاتەکەی بۆ ڕووداوەکە دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە(9 ی ئایاری 2024)، ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا بە وەکالەت لە هەولێر، لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، چووە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر.

کونسوڵی گشتیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاوی کردۆتەوە، خەمبارین بەهۆی ئەو ئاگرەی لە بازاڕی مێژوویی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە کە میراتی فەرهەنگیی سەد ساڵەی هەولێرە، بۆیە لە نزیکەوە سەردانی ئەو بازاڕەم کرد.

کونسوڵی گشتیی تورکیا دەشڵێت، وەک هەموو کاتێک، ئامادەیی و پشتگیریی خۆمان بۆ ئەو دۆخەی دروست بووە، دووپات کردەوە.

ئاگرەکەی بازاڕی مێژوویی و فەرهەنگیی قەیسەریی هەولێر، شەوی 5 ی ئایاری 2024 ڕوویدا، هەرچەند 227 دووکان و 7 کۆگا بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان و 132 کەسیش برینداربوون، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و زیانەکان کەمتر بکەنەوە.