قاسم غەراوی: جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان لە عێراق پێویستە

قاسم غەراوی، شرۆڤەکاری سیاسی
قاسم غەراوی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقی جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان دەکاتەوە دەرهەق بەوانەی تاوانی کوشتن و تیرۆریان دژ بە عێراقییەکان کردووەتەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، حاڵەتی دانپێدانانیش لەژێر هەڕەشە و فشاردا لە زیندانەکانی عێراقدا هەیە.

ڕۆژی هەینی (10ـی ئایاری 2024) قاسم غەراوی، شرۆڤەکاری سیاسی لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر (18:00) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بێگومان لە هەر وڵاتێک کە بانگەشەی دیموکراسی بکات و بڕیاری لەسێدارەدانی هەبێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.

قاسم غەراوی ئاماژەی بەوەکرد: زیاتر لە 25 هەزار سزادراو لە زیندانەکانی عێراقدان کە ژمارەیان 28 زیندانە و بەشێک لە دۆسیەکانیش ڕەهەندی سیاسییان لەپشتەوەیە، بۆیە پێویستییان بە بڕیاری دادپەروەرانە هەیە بۆ یەکلایی کردنەوەیان.

هاوکات ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە عێراقییە هۆکاری زیادبوونی بڕیارەکانی لەسێدارەدانی لە عێراق لە ماوەی ڕابردوودا، بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوەکرد: چەندین تاوان دژ بە عێراقییەکان کراوە هەر لە کوشتنی بە کۆمەڵ، دانانی بۆمب و کردەوەی تیرۆریستی دیکە، بۆیە لە یاسادا جەخت لەسەر بڕینەوەی سزای دادپەروەر کردووەتەوە.

لەبارەی پاڵپشتی یاسایی بۆ بڕیارەکانی لەسێدارەدان لە عێراق، قاسم غەراوی ئاماژەی بەوەکرد: لە دەستووری عێراقدا ڕێگە بە سزای لەسێدارەدان دراوە. لەبارەی نیگەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشەوە ڕوونیکردەوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بوونی حاڵەتی دانپێدانانی بەزۆر و لەژێر فشاردایە لە زیندانەکانی عێراق کە ئەمەش کاریگەری لەسەر گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان و بڕیارەکانی دادگا دەبێت.

هەروەها قاسم غەراوی جەختی کردەوە، ئەو بڕیارانەی بۆ لەسێدارەدان دەرکراون لە عێراق، تەنیا بۆ دۆسیەی تیرۆر نەبووە، بەڵکو دۆسیەی تاوانی دیکەشی لەخۆگرتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا، وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، لەکۆی 20 هەزار زیندانی کە بەتۆمەتی تیرۆر و ئەندامێتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە بەندیخانەکانی عێراقدان، بڕیاری سزای لەسێدارەدان بۆ هەشت هەزار دەرکراوە، هاوکات زیاتر لە 60 هەزار کەس کە تۆمەتی تاوانکاری و مەدەنییان لەسەرە لە 28 زیندانی سەرەکیدا بەندکراون.

عێراق تاکە وڵات نییە ئەم سزایە جێبەجێ دەکات، ئەو وڵاتانەی لە جیهان سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن، ژمارەیان 54 وڵاتە، نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یەکێتیی ئەورووپا و زۆربەی وڵاتانی جیهان، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤی دەزانن.