شێرپەنجە تەنگی بە دانیشتووانی عێراق و سووریا هەڵچنیوە

K24 – هەولێر:

دەردانی گازی ژەهراوی و گەردیلە کیمیاییەکان لە کێڵگە نەوتییەکان لە سووریا و عێراق بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و تووشبوونی هەزاران کەسی دیکە بە شێرپەنجە، پزیشکانی سووریا دەڵێن: لەناوچەکانی باکوورو رۆژهەڵاتی سووریا مانگانە هەزاران حاڵەتی شێرپەنجە بەهۆی کاریگەری کێڵگە نەوتییەکان تۆمار دەکرێن.

لە دەوروبەری شاری دێرەزوور لە سووریا و شاری بەسرەی عێراق، پێنج کەس لەماوەی مانگی رابردوودا بەهۆکاری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن گیانیان لەدەستداوە ئەمە وێڕای ئەوەی هەزاران حاڵەتی دیکەی شێرپەنجە تۆمارکراون.

دانیشتووانی ئەو ناوچانە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییانە دەگەڕێننەوە بۆ بوونی پاڵاوتگە نەوتییەکان و دەردانی گازە ژەهراوییەکان.

لەناوچەی خەراب ئەبو غالب لەنزیک کێڵگەی نەوتی رومێلان لەباکووری رۆژهەڵاتی سووریا دانیشتووانی ناوچەکە، گازە دەردراوەکانی پاڵاوتگەکە بە بکوژی بێدەنگ وەسفدەکەن و ، ئاشکرای دەکەن: کەموکوڕی کەوتووەتە لەدایکبوون لەنێو منداڵانی تازە لەدایکبوودا.

فیراس حاجی یەحیا، توێژەر لەبواری ژینگە، رایدەگەیەنێت: پێکدادانی سەربازی لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە بووەتە هۆی ئەوەی ئاگر لەو ماددە کیمیانە بکەوێتەوە کە بەشێکن لەنەوتی خاو، بووەتە هۆی دەردانی ماددە کیمیاییەکان و، ماددەکانی دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین و، هایدرۆ کاربۆنە بۆندارەکان ، کاریگەری کارەساتباریان لەسەر ناوچەکە دروستکردووەو، بەوپێیەی دەکرێت بۆماوەیەکی درێژخایەن لەژینگەدا بمێننەو ، دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و، نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

پزیشکانی سووریا رایدەگەیەنن مانگانە 1500 حاڵەتی شێرپەنجە لەناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی کاریگەری ئەو گازە کیمیایانە تۆمار دەکرێن. توێژینەوە ژینگەیی و پزیشکییەکان دەریدەخەن، ژمارەیەک نەخۆشی بەهۆی دەردانی ئەم گازانە لەو ناوچانە بڵاوبوونەتەوە لەوانە :نەخۆشی سییەکان، تەنگەنەفەسی، شێرپەنجەی سییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی خوێن .

بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمپانیای ئای کیو ئایر سووریا و عێراق لەریزبەندی ئەو 20 وڵاتەدان کە دەردانی گازە کیمیاییەکانیان هەیە و عێراق پلەی دووەمی لەریزبەندی بڵاوبوونەوەی گەردیلە کیمیاییەکاندا هەیە کە بریتییە لە 80.1 مایکۆگرام لە هەر مەتر سێجایەکدا کە 16 هێندە لە رێژەی رێگەپێدراو زیاترە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان لەساڵی 2005ـەوە تووشبوون بە شێرپەنجە لە بەسرە بەرێژەی 30% زیادیکردووە، توێژینەوەیەکی دیکە دەری دەخات ئەو ئافرەتانەی لەنزیک پاڵاوتگەکان دەژین ئەگەری منداڵبوونی پێشوەختەیان بەرێژەی 50% زیادیکردووە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوی کردووەتەوە بەهۆی کاریگەری پیسبوونی هەوا لە دەرەوەو ناوەوەی ماڵ ساڵانە حەوت ملیۆن کەس گیانلەدەستدەدەن، تەنیا گیانلەدەستدان بەهۆی هەوای پیس لەدەرەوەی ماڵ  لەساڵێکدا گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 200 هەزار کەس لەسەرانسەری جیهان و، پشکی وڵاتانی عەرەبی 450 هەزار کەسە لە ساڵیکدا.