وەزیری دارایی ئیسرائیل: ڕووبەڕووی گەورەترین کورتهێنان لە 23 ساڵی ڕابردوودا بووینەتەوە

بێزالیل سمیتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل
بێزالیل سمیتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

زیاتر لە حەوت مانگە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستی پێ کردووە. بە گوێرەی داتا فەرمییەکان، شەڕەکە زیانی 16 ملیار دۆلاری بەر ئابووریی ئیسرائیل گەیاندووە و بەهۆیەوە ڕێژەی کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئیسرائیل لە 24 ساڵی رابردوودا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە.

زیاتر لە حەوت مانگە هێرشە وشکانی و ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیان پێ کردووە. بە گوێرەی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی 35 هەزار هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی 79 هەزار کەسی دیکە بریندار بوون.

بەشێکی زۆری دانیشتووانی غەززە ئاوارەی ڕەفەح بوون، هەر چەندە ئیسرائیل هەڕەشەی هێرش کردنە سەر شارەکە دەکات، جگە لەوەی بە فەرمی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو شارە دەست پێ نەکردووە، بەڵام ڕۆژانە چەندان هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ناوچە جیاوازەکانی شارەکە کە وەکو کەمپێکی پەنابەرانی لێ هاتووە و بەهۆی جەنجاڵی ئەو ناوچە بچووکە، ڕۆژانە ئاماری قوربانیان زیاتر دەبێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستی هەمیشەیی کردووە و بە پێویستیش دەزانێت کۆمەکی مرۆیی بگەیەندرێتە ئاوارەکانی غەززە و دانیشتووانی ڕەفەح.

لەم شەڕەدا ئیسرائیل بێ زیان نەماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ئامارە فەرمییەکانیدا ڕۆژانە کوژرانی سەربازەکانی ڕادەگەیەنێت، هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان لە ماوەی هێرشکردنیدا بۆ سەر غەززە، زیانێکی بێوێنە بەر ئابووریی ئیسرائیل کەوتووە.

لە دوایین ڕاگەیەندراویدا وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ئەوەی خستووەتە ڕوو، کورتهێنانی دارایی لە وەی کە مەزەندە دەکرا زیاتر بوون و ڕێژەی کورتهێنان لە %6.6ـی مەزەندەکان بۆ سەدا %7 بەرزبووەتەوە؛ لە کاتێکدا خەرجییەکان بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ %36 لە تێکڕای خەرجییە گشتییەکانی ئیسرائیل زیادی کردووە و خەرجییە سەربازییەکان یەک لەسەر سێی تێکڕای خەرجییە گشتییەکان لە بودجەی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن.

هاوکات بەهۆی پێنەدانی باج، داهاتەکان %2.2 کەمیان کردووە. هەروەها بەهۆی هێرشەکانەوە بڕی 16 ملیار دۆلار زیانی دارایی بەر ئیسرائیل کەوتووە.

وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە لە دوایین ڕاگەیەندراویدا ئاشکرای کردووە، بودجەی وڵات لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گەورەترین کورتهێنان بووەتەوە.

هاوکات بانکی ناوەندی ئیسرائیل مەزەندەی بۆ شەڕی وڵاتەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تاوەکو ساڵی 2025 بڕی 64 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار تێچووی سەربازی دەبێت.