لە دهۆک سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران

لۆگۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)
لۆگۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک دەستگیرکردنی سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان، ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەممە، 11-05-2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک لـە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، تیمەکانی ئاسایش لە ئۆپەڕاسیۆنێکدا سێ کەسیان دەستگیر کردووە کە بڕێک ماددەی هۆشبەریان لە جۆری (کریستاڵ و هیرۆیین) پێ بووە.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئەو سێ تۆمەتبارە بەنیازبوون ماددە هۆشبەرەکان "بڵاو بکەنەوە". ڕوونیش کراوەتەوە، تۆمەتبارەکان بە گوێرەی بڕگەی 26ـی یاسای ماددەی هۆشبەرەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

بەپێی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

بە پێێ ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە پەرلەمانی کوردستان دەری کردووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادددەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزاکەیان بە زیندانی هەتا هەتایی دەست  پێ دەکات، هەروەها پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت. بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانیش، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو سی ساڵ سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.