بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان سەرەنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە

سەیرانگای ژاڵەناو
سەیرانگای ژاڵەناو

K24 – دەربەندیخان:

سەیرانگەی ژاڵەناو یەکێکە لەو سەیرانگانەی کە ماوەی چەند ساڵێکی کەمە لە سنووری دەربەندیخان کراوەتەوە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بە هۆی زۆری باران بارین و سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان  و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە نزیک سەیرانگەکە سەرنجی زیاتری گەشتیارانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

سەیرانگەی ژاڵەناو چەند ساڵیکی كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ڕووباری سیروانەوە زیاتر سەرنجی گەشتیارانی راكێشاوە، بەشێک لە گەشتیاران بە کوردستان24ـیان راگەیاند، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەربەندیخان دیمەنێکی زۆر جوانی بەو سەیرانگەیە بەخشیوە و ئێمە قوتابییانی زانکۆی سلێمانین یەکەمجارە دێنە ئەو سەیرانگەیە، شوێنێکی زۆر خۆش و دڵگیرە.

ئەگەرچی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و سەرڕێژبوونی بەنداوەکە بەشێکی کەپرەکانی سەیرانگەکەی داپۆشیووە و ڕێگە نادات گەشتیاران بچنە نێو کەپرەکان، بەڵام گەشتیاران سەرنجی زیاتریان لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە و کەشی فێنیکی سەیرانگرکەیە، ئەمەش وای کردووە هاووڵاتییان ڕێگایەکی دوور بۆ سەیرانگەی ژاڵەناو ببڕن.

بۆ جاری پێنجەم لە تەمەنی خۆیدا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد، بەنداوەکە تەمەنی زیاتر لە 63 ساڵە لە ماوەکانی ڕابردووشدا 13 جار بە تەواوەتی پڕ بووە و پێنج جاریش سەرڕێژی کردووە، سەرڕێژکردنی ئەم جارەی بەنداوەکە لە کاتێکدایە چەند ساڵێکە بەهۆی کەمیی بڕی باران گرفتی کەمئاویی لە ناوچەکەدا هەیە.

لە سنووری دەربەندیخان و باشووری بەنداوەکە لە وەرزی ئەمساڵدا زیاتر لە 950 ملیم باران باریوە،  بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە و پڕبوونی، هاووڵاتییان و جووتیارانی ناوچەکەی دڵخۆش کردووە.