ڕۆژنامەیەک: سونییەكان لە دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق نزیك بوونەتەوە.

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، هێزە سونییەكان لە دیاریكردنی كەسایەتیەك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق نزیكبوونەتەوە.

د. موحاشع تەمیمی، شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕاگەیاند، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق، خەریکە چارە دەکرێت، بەتایبەت دوای درێژكردنەوەی وەرزی یاسادانان، ئەوە دەگەیەنێت هێزە سیاسیەكان ڕێككەوتون لەسەر ئەوەی، هیچ پۆستێك بە بەتاڵی نەهێڵنەوە.

تەمیمی ڕوونیشی کردەوە کە هەنگاوەکان بەرەو ئاراستەیەکی گونجاون ئەگەر مەحمود مەشهدانی، سەرۆكی كوتلەی "ئەلسەدارە" بە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، كە كەسێكی نزیكە لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقدوم، وێڕای ئەو پەیوەندییە بەهێزەی مەشەهدانی هەیەتی لەگەڵ هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

ڕاشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەی دۆخەكە لە بەرژەوەندی حزبی تەقدومە، بەڵام تائێستە ئەو حزبە پشت نابەستێت بە هەمواركردنی مادەی (12) لە پەیڕەوی ناوخۆ.