ئاستی هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق  و تورکیا دابەزیوە

ئاستی هەناردەی نانەوتی ئێران بۆ عێراق  و تورکیا دابەزیوە
ئاستی هەناردەی نانەوتی ئێران بۆ عێراق  و تورکیا دابەزیوە

K24 - هەولێر

ئاستی هەناردەی نانەوتیی ئێران لە ماوەی ساڵێکدا بۆ عێراق  و تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و کاریگەریی خراپی لەسەر جووڵە بازرگانییەکەی دروست کردووە.

دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 و دووبارە گەڕانەوەی گەمارۆکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران، دارێژەرانی سیاسەتی ئابووری ئێران پلانەکانیان لە چوارچێوەی هەناردەی دیکەی نانەوتی چڕتر کردەوە.

هەروەها دوای کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر فرۆشی کەرتی نەوتی ئێران لەلایەن ئیدارەی جۆو بایدن، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران 35 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە؛ ئەم داهاتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر %8.6 زیادی کردووە.

ڕۆژنامەی "دنیای ئیقتساد"ـی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئاستی هەناردەکاری ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی  پشت بە پێنج وڵات دەبەستێت: عێراق، تورکیا، ئیمارات، هیندستان و چین.

ئاماژەی بەوەش کردووە لە ماوەی ساڵیکدا ئاستی هەناردەی ئێران بۆ تورکیا لە %48 بۆ %45 دابەزیوە؛ واتا لە ساڵی پێشوودا داهاتی هەناردەی حەوت ملیار و 629 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام داهاتەکە دواتر بۆ چوار ملیار و 16 ملیۆن دۆلار کەم بووەتەوە.

هەروەها ئاستی هەناردەی ئێران بۆ عێراق %10 دابەزیوە و قەبارەی دارایی هەناردەکە گەیشتووەتە نۆ ملیار و 216 ملیۆن دۆلار.

  ڕۆژنامەکە هۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی ئێران ڕوون کردووەتەوە و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی بەهای دراوی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هاوکات تێچووی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئێرانی بەرز بووەتەوە، ئەمەش وادەکات خواستی دەرەکی لەسەر کاڵاکانی ئەو وڵاتە کەم ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەندیی ئابووریی درێژخایەن لەگەڵ وڵاتان تەنیا بە سەردانی شاندێکی باڵا دروست نابێت، بەڵکوو پێویستە حکوومەتی ئێران پلانێکی ستراتیجی دابڕێژێت کە بتوانێت وەڵام دەرەوەی ئەو دۆخە قەیراناوییە بێت کە ئێران بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە تێی کەوتووە.

بەبۆچوونی شارەزایانی ئابووریی ئێران؛ یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی هەناردەکاری ئەو وڵاتە ئەوەیە، بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی کە تاران پەیوەندیی باشی لەگەڵیاندا هەیە، خاوەنی ئابوورییەکی لاوازن، کە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقیا و وڵاتانی ئەمەریکای لاتین لەخۆ دەگرێت.