شێروان دووبەردانی: ڕۆژانی داهاتوو نووسینگەی ماددەی 140 لە شنگال دەکرێتەوە

شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق
شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیەنێت، ڕۆژانی داهاتوو نووسینگەی ماددەی 140 لە شنگال دەکرێتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی کە لە سەردەمی رژێمی بەعس زیانیان بەرکەوتووە و راگوێزراوببوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوونەکانمان لەگەڵ ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق و هەوڵەکانی پارێزگاری نەینەوا و لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140، لە ڕۆژانی داهاتوو نووسینگەی ماددەی 140 لە شنگال دەکرێتەوە.

دووبەردانی راشیگەیاند، کردنەوەی ئەم نووسینگەیەش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەیە کە لە قەزای شنگال لە سەردەمی ڕژێمی بەعس زیانیان بەرکەوتووە و راگوێزراوببوون.

رۆژی (30ـی نیسانی 2024) نەوزاد هادی، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەوانەی تاوەکو ئێستا لە ڕێگەی نووسینگەکانەوە پێشتر کاریان کردووە قەرەبووکرانەوە بە بڕی 10 ملیۆن دینار، هەروەها تاوەکو ئێستا لەکۆی 52 هەزار خیزان تەنیا 20 هەزاریان قەرەبووی ماددەی 140یان وەرگرتووە.