ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر ماڵپەڕی فێستیڤاڵی 'ئاسمان' لە مەهاباد بەڕێوە چوو

K24 - هەولێر

ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر ماڵپەڕی فێستیڤاڵی "ئاسمان" و ڕاگەیاندنی بانگه‌وازی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم، فیلمنامه‌ (سیناریۆ) و وێنه‌ی فۆتۆگرافی "ئاسمان" لە کۆمەڵگەی فەرهەنگی و هونەریی هۆڵی وه‌حده‌تی شارەوانی مەهاباد بەڕێوەچوو.

گەلەری هەمیشەیی هونەرەکانی شێوه‌کاریی "ئاسمان" لە شوێنی تەلاری وه‌حده‌تی شارەوانیی مەهاباد، پێشانگەیه‌کی کردەوە کە بەرهەمەکانی مامۆستا "ئەنوەر یوسفی" هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافەری دێرینی مەهاباد و ژمارەیەک لە مامۆستایانی فۆتۆگرافەری کوردستان، لەوانە، جەمشید فەره‌جوه‌ند فەردا، ئیبراهیم عەلی ‌پوور، مەنسوور محەمەدی، ژاڵه‌ بەهرامی و میکائیل بایه‌زیدی، تێیدا نمایش کرا.

یەکەمین پێشانگەی وێنەی فۆتۆگرافی "ئاسمان" لە گەلەری هەمیشەیی هونەره‌ بینراوه‌کانی "ئاسمان"، بە ئامادەبوونی "سەلام ستوودە"، نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی مەهاباد، ئەندامانی شورای شاری مەهاباد، "جەلال وەتمانی" سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی شورای شار، ئەندازیار "بابەک ڕۆستەم‌ پوور" سەرۆکی شارەوانیی شاری مەهاباد، بەرپرسانی دیکە، هونەرمەندان و هه‌روه‌ها خەڵکی هونەردۆستی مەهاباد و بە ئامادەبوونی مامۆستا "ئەنوەر یووسفی" کرایەوه‌.

هاوکات لەم بۆنە هونەرییەدا ڕێوڕەسمی رێزگرتن له‌ تەمەنێک هەوڵ و چالاکیی بەنرخی مامۆستا "ئەنوەر یوسفی" هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافەر و پێشه‌نگی مەهابادی بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا، کورتە فیلمێکی به‌ڵگه‌نامه‌یی دەربارەی تەمەنێک هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا "ئەنوەر یووسفی" و هەوڵی بێوچانی ئه‌و لە تۆمارکردنی بەرهەمە ناوازەکانی وێنه‌گریی فۆتۆگرافی له‌ ژیانی خەڵکی مەهاباد و گوندەکانی دەورووبەری ئه‌و شاره‌ لە ساڵانی پەنجاکانی هه‌تاویدا نمایش کرا کە سەرنجی ئامادەبووانی ئەم مەراسیمەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەی ڕێزگرتنەدا، بە پێشکەش کردنی تابلۆی سوپاس و دیاریی لە لایەن ئەندامان و کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی شار، شارەوانیی مەهاباد و نووسینگه‌ی هەمیشەیی فێستیڤاڵی "ئاسمان" له‌ چه‌ندین ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی هونەریی ئەم مامۆستا پایه‌به‌رزه‌ی فۆتۆگرافی ڕێز گیرا و به‌رهه‌مه‌کانی بەرز نرخێندرا.

ئەم ڕێوڕه‌سم و بۆنە هونەرییە لە درێژەی چالاکییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هه‌رچی باشتری یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسمان" لە مانگی خه‌رمانانی ساڵی 1403 لە شاری مەهاباده‌ کە به‌ پاڵپشتی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی شار و شارەوانی شاری مەهاباد و دامه‌زراوه‌ی ئینستیتیوتی "لاوان فیلم موکریان" و به‌ هاوکاریی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ڕۆشنبیریی مەهاباد لە شوێنی تەلاری وەحدەت، تەنیشت نووسینگه‌ی هەمیشەیی فێستیڤاڵی ئاسمان بەڕێوە چوو.

لەم بۆنە و ڕووداوه‌ هونەرییەدا، "سەلام ستوودە" نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مه‌جلیسی شوورای ئیسلامی و ئەندازیار "بابەک ڕۆستەم‌پوور" سەرۆکی شارەوانیی شاری مەهاباد، سەبارەت بە گرنگیی پێداویستییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری مەهاباد و دروستکردنی ژێرخانه‌کانی فەرهەنگی و به‌ڕێوه‌چوونی بۆنە و ڕووداوه‌ فەرهەنگی و هونەرییە ناوازەکان لەم شارەدا بۆ ئاماده‌بووان قسه‌یان کرد.

لە کۆتایی ئەم ڕێوڕه‌سمی پەردەلادانەدا، "بەختیار پەنجەیی" بەڕێوەبەری بەشی فیلمی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسمان" له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ و سکرتاریەتی ئەم بۆنە و ڕووداوه‌ هونەرییە سەبارەت بە گرنگی و تایبەتمەندییەکانی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە ڕوونکردنەوەیەکی پێشکەش کرد و له‌ درێژه‌دا، "بانگەواز"ی فەرمی بۆ یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم،‌ سیناریۆ و وێنەی فۆتۆگرافیی "ئاسمان" هاوکات له‌گه‌ڵ په‌رده‌لادان لە ماڵپەڕی فێستیڤاڵەکە و چۆنییەتی ناردن و پێشکەشکردنی بەرهەمەکان بۆ ئەم رووداوه‌ هونەرییە راگه‌یاند.

فێستیڤاڵی "ئاسمان" ئەمساڵ لەسەر ئاستی ناوچەییدا و بە ئامادەبوونی به‌رهه‌مه‌کانی هونەرمەندانی 10 پارێزگای وڵات لە نزیک فەلاتی زاگرۆس کە دەکەوێتە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، لەوانە؛ پارێزگاکانی کۆهکیلۆیە و بۆیەر ئەحمەد، لوڕستان، هەمەدان، ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەردەبیل، زەنجان لە شاری مەهاباد بە شێوه‌ی فەرمی دەستی بە کار کرد.

دوای بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی سیمپۆزیۆمی پەیکەرسازیی مەهاباد، ئەمە دووهەمین بۆنە و ڕووداوی هونەری و فەرهەنگیی گرنگ و دیاری مەهاباد له‌م ساڵدایه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ به‌ر سه‌رنج و لە لایەن خەڵکی تێگه‌یشتوو و هونەردۆستی ئەم شارەوە پێشوازیی لێدەکرێت. ئامادەبووان له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، هیوای خۆیان دەربڕی کە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی شۆرای شار، شارەوانیی مەهاباد و ئەندامانی نووسینگه‌ و سکرتاریەتی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسمان"، لە درێژەپێدانی ڕەوتی فەرهەنگی و هونەریی ناوازە لە شاری مەهاباد گرنگی هه‌یه‌.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنه‌ی فۆتۆگرافی "ئاسمان" به‌ به‌رپرسایه‌تی سینەماکاری به‌ئه‌زموونی مەهابادی "ئیبراهیم سەعیدی"، بە ڕێبازێکی هونەری، گەشتیاری؛ لە لایەن ئەنجومەنی شوورای شار و شارەوانیی مەهاباد و دامه‌زراوه‌ی ئینستیتیوتی "لاوان فیلم موکریان" و بە هاوکاریی لەگەڵ ئیداره‌ی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژانی 18 تا 21ـی مانگی خه‌رمانانی ساڵی 1403 (8 تا 11ـی سێپته‌مبه‌ری 2024) هاوکات له‌گه‌ڵ ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی سینه‌ما له‌ شوێنی پلازای گۆڕەپانی مه‌یدانی مەنگۆڕان لە شاری مەهاباد به‌ شێوه‌ی سه‌رئاوه‌ڵا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هۆڵ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.