ئۆنروا: لەماوەی یەک هەفتەدا، نزیکەی 360 هەزار کەس رەفەحیان جێهێشتووە

K24 - هەولێر

رەفەح لەژێر هەڕەشەی ئۆپراسیۆندایە و هۆشداری نێودەوڵەتیش لە روودانی کارەساتی مرۆیی گەورە دەدرێت.

ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، نزیکەی 360 هەزار ئاوارەی نێو شاری رەفەح لە ترسی بۆردومان و دەستپێکردنی ئۆپراسیۆن لەلایەن سووپای ئیسرائیلییەوە، شارەکەیان بەجێهێشتووە، ئاوارەیەکی نێو رەفەحیش دەڵێت، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری کردوونەتەوە کە دەبێت شارەکە چۆڵ بکەن و سوپاکەیان ئۆپراسیۆن دەستپێدەکات.

تاکە پەناگەیان لەژێر هەڕەشەی ئۆپراسیۆنێکی وێرانکەردایە و دەڵێن، بۆ کوێ بڕۆین؟

شاری رەفەح وەکو کۆتا خاڵ و هێڵی نیمچە ئارامی ئاوارەکانی غەززەیە، بەڵام پێناچێت چیتر ئەو شارەش بەکەڵکی مانەوەیان بێت.

بەگوێرەی دوایین ئاماری ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی ناسراو بە "ئۆنروا"، لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، نزیکەی 360 هەزار ئاوارەی نێو شاری رەفەح لە ترسی بۆردومان و دەستپێکردنی ئۆپراسیۆن لەلایەن سووپای ئیسرائیلییەوە، شارەکەیان بەجێهێشتووە، ئاژانسەکە دەشڵێت، ئەگەر ئاگربەست نەکرێت کارەسات روودەدات، چونکە هیچ شوێنێکی دیکە نییە کە ئاوارەکان بۆی بچن.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکات، نیوەی جەنگەکەمان بەسەرکەوتوویی بە کۆتا هێناوە، شارەزایانیش دەڵێن، نیوەکەی دیکە مەبەست لێی تەنها رەفەحە و دەستپێکردنی ئۆپراسیۆن بۆ ئەو شارە بڕیارێکە و دراوە.

ئەنتۆنی بلینکنی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح کارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و چارەسەری هیچ کێشەیەکیش بۆ ئیسرائیل ناکات، دەشڵێت، تاکە چارەسەری کێشەکانی ئیسرائیل راگەیاندنی ئاگربەستە.

ئاوارەیەکی نێو رەفەحیش بەوپەڕی بێ توانایی و ناخێکی ماندووەوە دەڵێت، ئەمە سێیەمجارە ئاوارەدەبن و نازانن بەرەو کوێ بڕۆن.

سوپای ئیسرائیل ئاگاداری بڵاوکردووەتەوە و پێیان گوتووین دەبێت رەفەح چۆڵ بکەین، دەزانین ئۆپراسیۆن دەستپێ دەکەن، نازانم چییان لە ئێمە دەوێت؟ نازانین بۆ کوێ بڕۆین و لە داهاتوودا چیمان بەسەر دێت؟!

بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل بێت، دەستپێکی ئۆپراسیۆنی وڵاتەکە بۆ سەر رەفەح لە ئان و ساتدایە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە بەردەوامی هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە ئەگەری ئۆپراسیۆن بۆسەر شارە دەدەن.