لەئەڵمانیا، پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ شاڵاو مستەفا دەکرێتەوە

K24 - هەولێر

لەشاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، شێوەکار شاڵاو مستەفا، پێشانگایەک بۆ کارە هونەرییەکانی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ 14ـی ئایاری 2024، شێوەکار شاڵاو مستەفا، دەربارەی کردنەوەی پێشانگاکەی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەوە دووەمین پێشانگای منە کە لەشاری هانۆڤەری ئەڵمانیا دەکرێتەوە و سوپاسی نیگارگەی کۆبانێ دەکەم کە هەڵسان بە ڕێکخستنی ئەو پێشانگایە بۆمن، وە هیوادارم لەداهاتوودا ئەو جۆرە پێشانگایانە بەردەوامی هەبێت.

شاڵاو دەڵێت: "ئەو تابلۆیانە نمایشی دەکەم لەو پێشانگایە جۆراوجۆرن و پێکدێن لە شیوە و سرووشت، زۆربەیان تابلۆی تازەن کە پێشتر نمایشم نەکردووە، تابلۆکانم چەندین ڕەنگ و بۆیەم تێدا بەکارهێناوە و بەجۆرەها ماتریال کارم لەسەر کردووە. ئەو تابلۆیانەم کە بڕیارە لەو پێشانگایە نمایشی بکەم وا بەئاسانی نەخشاندنم بۆ نەکردووە و بگرە زۆر ئەستەمیم پێوە بینیوە".

دەشڵێت: "هەمیشە هەوڵ دەدەم کارەکانم زۆربەی بێ کەموکوڕی بێت، ڕەنگە وێنەیەک چەندین ڕۆژ منی بەخۆیەوە خەریک کردبێت تا بەجوانترن شێوە دەربچێت. هیوادارم لە داهاتوودا خۆم و تابلۆکانم بێمەوە کوردستان و پێشانگایەکی تایبەتی خۆم بکەمەوە و خەڵکی وڵاتەکەم لەنزیکەوە تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەکانی من ببینن".

شێوەکار شاڵاو مستەفا، خەڵکی شاری سلێمانییە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە. ماوەیەی چەند ساڵێکە دەستی بەکاری شێوەکاری کردووە و خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشە. لەو ڕۆژانەش نوێترین پێشانگای شێوەکاری خۆی لەشاری هانۆڤەری ئەڵمانیا دەکاتەوە.