کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا ژمارەیەک ئەنجوومەنی دامەزراند

کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا
کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا

K24 – لەندەن:

کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا یەکەمین دیداری بۆ پەروەردەناس، پزیشک، پارێزەر، توێژەر، مامۆستایانی زانکۆ و بازرگانانی کورد ڕێک خست، هاوکات نوێنەری حکومەتەکانی بەریتانیا ، عێراق و کوردستان بە کۆمەڵەکەیان ڕاگەیاند، "پشتگیر و پشتیوانتانین".

کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا ژمارەیەک ئەنجوومەنی گرنگی دامەزراند و بۆ یەکەمین دیداری لە شاری بێرمینگهام، بۆ پزیشک، پارێزەر، توێژەر، مامۆستایانی زانکۆ و بازرگانانی کورد ڕێکخست، هەروەها لە دیدارەکەدا جگە لە ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری باڵوێزی عێراق و پارێزگاری لامبێس ئامادەی بوون.

لەمیانەی دیدارەکەدا نوێنەری حکوومەتەکانی بەریتانیا، عێراق و کوردستان بە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیایان ڕاگەیاند، "پشتگیر و پشتیوانتانین".

محمد جەلال بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پلان و شیکارییەکانمان بە وردی خستە پێش هزر و دیدی بەشداربووان و چوار بەشی گرنگمان ناساند بە میوانان.

لای خۆیەوە پرۆفیسۆری یاریدەدر هیوا بالیسانی گوتی: دامەزراندی ئەم ئەنجوومەنانە گرنگ و باش دەبن بۆ داهاتووی تاک و خێزانی کورد لە بەریتانیا.

لەلایەکی دیکەوە ڕێبوار شارەزوری، چالاکوانی کورد، دەڵیت: بە گرنگیەوە دەڕوانینە هەنگاوەکانی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا و هەمیشە هیوامان هەیە پێکەوە زیاتر کار و خزمەت بکەین .

ئەم کەسانەش بە سەرپەرشتیاری بەشەکان دیاری کران:

د. کامەران دزەیی، کەرتی تەندروستی.

حاجی عدنان، کەرتی بازرگانی.

مامۆستا ئاوات دەرگەڵەیی، کەرتی گەشەپێدانی مرۆیی.

مامۆستا شەوبۆ محەممەد، کەرتی پەروەردە و فێرکردن.