شێرپەنجە تەنگی بە دانیشتووانی شارەدێیەکی پارێزگای دیالە هەڵچنیوە

بەشێک لە دانیشتووانی شارەدێی خۆێڵسی پارێزگای دیالە
بەشێک لە دانیشتووانی شارەدێی خۆێڵسی پارێزگای دیالە

دانشتووانی شارەدێی خۆێڵسی پارێزگای دیالە دەڵێن: بەهۆی بوونی تاوەرەکانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن لەنێو سەنتەری شارەدێکەیان چەندین کەسیان تووشی شێرپەنجە بوونەو مردوون و چەندین کەسی دیکەش بوونەتە هەڵگری نەخۆشییەکە.

نەجم عەبدولهادی، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، خێزانەکەم بە هۆی ئەم تاوەرانەی مۆبایلەوە گیانی لە دەستداوە برا و براژنەکەشم هەر بە هۆی ئەوەوە گیانیان لە دەستدا، بەڕاستی کارەساتە لەوەتەی ئەم تاوەرە دانراوە ڕۆژ بە ڕۆژ نەخۆشییەکە زیاد دەکات.

ئاماژەی بەوەدا، پێش دانانی تاوەرەکان هیچ نەخۆشییەکی شێرپەنجە لە ناوچەکەمان نەبوو، ئێستا زیاتر لە کیلۆمەترێک بە چوار دەوری خۆیدا تیشک بڵاو دەکاتەوە بۆیە ئەمە کارەساتە داوا دەکەین بە زووترین کات لە ناوچەکەمان دوور بخەنەوە.

تا دێت ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە شارەدێی خۆێڵس بەرزدەبێتەوە و ھاووڵاتییان دەڵین: لەماوەی چەند ساڵێکدا زیاتر لە بیست كەس بەنەخۆشی شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی تریش تووشی نەخۆشییکە بوونە، بەوهۆیەشەوە دەیان خانوو لێییان نوسراوە بۆ فرۆشتن، هاووڵاتییان مۆڵەتی یەک مانگیان داوەتە لایەنە ئەمنیی و ئیدارییەکانی شارەدێیەکە بۆ ئەوەی تاوەرەکان هەڵگرن، ئەگەر وەڵامی داوەکارییەکەیان نەدرێتەوە کاردانەوەی تووندیان دەبێت.