ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێز لە هونەرمەندانی میللی دەگرێت

ڕێوڕەسمێکی ڕێزگرتن لە پێگەی هونەریی سەید برایم ئیسماعیل‌زادە - ڕۆژهەڵاتی کوردستان - بۆکان
ڕێوڕەسمێکی ڕێزگرتن لە پێگەی هونەریی سەید برایم ئیسماعیل‌زادە - ڕۆژهەڵاتی کوردستان - بۆکان

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری مامۆستایانی زانکۆ و توێژەران، کۆڕی ڕێزگرتن لە پێگەی هونەریی هونەرمەندی بەندبێژ و گۆرانیبێژی ڕەسەن و میللی، سەید برایم سەقزی بەڕێوە چوو و مێدیالیای ڕێزلێنان پێشکەش بە هونەرمەند کرا.  

لە شاری بۆکان ڕێوڕەسمێکی ڕێزگرتن لە پێگەی هونەریی سەید برایم ئیسماعیل‌زادە، ناسراو بە سەید برایم سەقزی، هونەرمەندی بەندبێژ و گۆرانیبێژی ڕەسەن و میللی و ژەنیار بەڕێوە چوو کە لەلایەن ڕێکخراوی فەرهەنگی و هونەریی زیرەکەوە ڕێکخرا بوو، تێیدا مامۆستایانی زانکۆ و شاعیران و توێژەرانی گۆرانی و میوزیک و هونەرمەندان بەشدار بوون و مێدالیای ڕێزگرتن پێشکەش بە هونەرمەند کرا.

هونەرمەندی بەندبێژ سەید برایم سەقزی گوتی: زیاتر لە 60 ساڵ لە سەقز ژیاوم خوالێی خۆشبێت حەسەن زیرەک منی هێشتەوە. سوپاسی ڕیکخەرانی ئەم کۆڕە دەکەم، هیوادارم زیاتر چاویان لە پشتیوانیی  هونەرمەندان بێت، چونکە هونەرمەند هونەرەکەی هەر بە تەنیا موڵکی خۆی نییە بەڵکو موڵکی ئەم خەڵکەیە.

هەر لە کۆڕەکەدا چەندین پارچە بەند و گۆرانیی فۆلکلۆر و ڕەسەنی کوردی پێشکەش کران. هەروەها مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی بواری فۆلکلۆر باسیان لە گرنگیی مۆسیقا و گۆرانیی ڕەسەن کرد. دکتۆر مێهریی پاکزاد وتارێکی بە ناوی ''بەندبێژیی فۆلکلۆری کوردی'' پێشکەش کرد، گوتی؛ ڕێزگرتن لە شەش دەیە خزمەتی هونەریی هونەرمەندێک جووڵەیەکی فەرهەنگیی گەورەیە و ڕێگە بۆ کولتوورسازیی هونەری خۆش دەکات.

مێهری پاکزاد، ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی مەهاباد دەڵێت: بەختەوەرم لەم کۆڕەدا بە پێشکەشکردنی وتارێک بەشداربووم سەبارەت بە بەندیبێژی لە فۆلکلۆردا و بایەخ بەندبێژی لەوەی چ دابونەریتێک پێویستە لەبەرچاو بگیرێت کە قۆناغ بە قۆناغ بۆ هاووڵاتییان گواستراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا شاعیری ناوداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەدسەعید نەجاڕی، ناسراو بە ئاسۆ، بە پێشکەشکردنی وتار و خوێندنەوەی شیعر پێگەی هونەریی سەید برایم سەقزی و هونەری فولکلۆری کوردیی نرخاند و گوتی: هەمیشە هونەرمەندان جێگەی ڕێزن و ئومێدەوارم ئەم چالاکییانەی بەردەوام بن بۆ ئەوەی هونەرمەندان تاوەکوو لە ژیان ماون ڕێزیان لێ بگیرێت و بەم ڕێزلێگرتنەش دڵخۆش بن، هەڵبەت ڕێکخەرانی ئەم کۆڕەش جێگەی ڕیزن و هەرگیز ئەم دڵسۆزییەیان فەرامۆش ناکرێت.

سەید برایم سەقزی هونەرمەندی دەنگخۆش زیاتر لە 60 ساڵە بە چڕینی بەند و گۆرانیی فۆلکلۆری خزمەت بە گۆرانیی کوردی دەکات و لە کۆڕی شایی و ڕێوڕەسمەکانی شادیی خەڵکدا بە گوتنی هەوای شاد و میلۆدییە ڕەسەنەکان گەڕی هەڵپەڕکێ و سەمای خەڵک خۆش دەکات و کەسایەتییەکی هونەریی بەرز و جێی ڕێزی لەناو خەڵکی ناوچەی موکریاندا هەیە.