سەرکەوت کاڕەش: زۆربەی ئەوانەی لە ڕووبارەکاندا دەخنکێن گەشتیارن

سەرکەوت کارەش، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان
سەرکەوت کارەش، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زۆربەی ئەوانەی لە ڕووبارەکاندا دەخنکێن گەشتیارن و خەڵکی پارێزگاکانی ناوەراست و خوارووی عێراقن.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـێ ئایاری 2024، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ زۆرترین ڕێژەی خنکان لە سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین بووە، کۆی گشتیی ئەوانەی لە ئاودا خنکاون لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تاکو ئێستە 26 کەسە.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "سەرەتای وەرزی گەرمایە، ئامارەکان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی خنکاوان کە 26 کەسە، زۆرە. ئەم حاڵەتانەی کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕوو دەدەن  بەدەگمەن خەڵکی ناوچەکەن زۆربەی زۆری خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن و خەڵکی گەشتیارن. جا ئەگەر کورد بێت یاخود دانیشتووی هەرێم یاخود ناوەڕاست و خواروی عێراق بێت".

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "نەشارەزایی شوێنەکە و جوگرافیایی ئەو شوێنە و شەپۆلی ئاوەکە بەپلەی یەکەم هۆی سەرەکی خنکانی هاووڵاتییانە، هەر ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان کە ئاوی هەیە، سروشتێک و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، بۆ نموونە قەزای خەبات و زێی گەورە و زێی بچووک جیاوازییەکی یەکجار گەورەیان هەیە. سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جۆری ئاوی ڕووبارەکەی جیاوازە".

سەرکەوت کارەش ڕایگەیاند، "هەمووئەو هۆیانەی کە باس کراون، وا دەکات ئەو هاووڵاتییەی ئەگەر شارەزایی تەواوی نەبێت لە سنوورەکە، هەر جووڵەیەک بکات ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە بەتایبەت مەلە کردن، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی کە دەچن بۆ گەشت بەم ساڵ و ساڵانی ڕابردووشەوە، لە تەمەنێکی دیاری کراودان ئەویش هەرزەکارییە. ئەم تەمەنە گوێ بە هیچ شتێک نادات سەرکێشی دەکات و گوێ بە مەترسییەکان نادات".