مۆدریچ هەموو شتێك دەکات بۆئەوەی لە ریاڵ مەدرید بمێنتەوە

لوکا مۆدریچ بە درێسی ریاڵ مەدرید
لوکا مۆدریچ بە درێسی ریاڵ مەدرید

لوکا مۆدریچی ئەستێرەی کڕواتیا و ریاڵ مەدرید، چەند ئۆفەرێکی خەیاڵی لە پێناو مانەوە لە یانە شاهانەکە رەتکردەوە و دەیەوێت وەرزێکی دیکەش لەو یانەیە یاریی بکات.

بۆندی یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاستی ریاڵ مەدرید لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و تا ئێستا گرێبەستەکەی نوێ نەکراوەتەوە.

فابریزۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی دیاری وەرزشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: مۆدریچ دوو ئۆفەری گەورەی رەتکردووەتەوە و چاوەڕێی ریاڵ مەدرید دەکات.

رۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانیش لەسەر هەمان بابەت دەڵێت: لوکا دوو ئۆفەری خەیاڵی لە سعوودیە و ئەمەریکاوە پێگەیشتووە بەڵام یاریزانەکە هەر زوو رەتیکردوونەتەوە و دوای کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پیرێزی سەرۆکی ریاڵ مەدرید، دۆخی یاریزانە کڕواتییەکە گۆڕاوە و رۆژی هەینی جارێکی دیکە کۆبوونەتەوە.

رۆژنامەی ئاس ئەوەشی نووسیوە: لوکا مۆدریچ و پیرێز پەیوەندییەکی باش لە نێوانیاندا هەیە و ئەو کۆبوونەوانە رۆڵی دەبێت لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە.

فلۆرێنتینۆ پیرێزی سەرۆکی ریاڵ مەدرید و لوکا مۆدریچ
فلۆرێنتینۆ پیرێزی سەرۆکی ریاڵ مەدرید و لوکا مۆدریچ

لوکا بە پێرێزی گوتووە: بەهۆی ریاڵ مەدریدەوە دوو ئۆفەری خەیاڵیم رەتکردووەتەوە و پارە گرنگ نییە، "ئامادەم مووچەکەی کەم بکەمەوە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی لە وەرزی داهاتوو یاریی بکەم".

لوکا مۆدریچی کڕواتی وەرزی 2012-2013 بە 40 ملیۆن یۆرۆ لە تۆتێنهامەوە پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە و کرد و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 8 ملیۆن یۆرۆیە.