ساڵانە شەش ملیار دینار بۆ پاكڕاگرتنی دهۆک تەرخان دەکرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پارێزگای دهۆک چەندین ساڵە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە شارە هەرە پاکژ و جوانەکان دادەنرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ساڵانە شەش ملیار دیناری بۆ پاکڕاگرتنی شارەکە تەرخان کردووە.

خەڵکی دهۆک دەڵێت، "خوای گەورە شارەکەمانی بە پاک و جوانی دروست کردووە، بۆیە ئێمەش وەکو چاومان دەیپارێزین، پاکییەکەی ڕادەگرین و زیاتر بایەخی پێ دەدەین".

فاخیر سیاری، هاووڵاتییەکی دهۆکە و دەڵێت، "زۆر جار دەبینین ستایشی پاکی و جوانیی دهۆک دەکرێت، بەڵام دەمانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی، شارەکەمان پاکتر و جوانتر بکەین".

هاووڵاتییەکی دیکەی دهۆک بە ناوی "کاروان دۆسکی" داوا لە هاووڵاتییان دەکات پاکوخاوێنی شارەکەیان بپارێزن و کاتێک سەردانی شوێنێکی گەشتیارییان کرد، بە پاکی بهێڵنەوە و پاشماوەی کەلوپەلەکانیان بەجێ نەهێڵن. دەشڵێت، "دهۆک ماڵی هەموومانە و دەبێت هەموومان بەیەکەوە بە پاکی بهێڵینەوە".

 

دیمەنێکی شاری دهۆک
دیمەنێکی شاری دهۆک

 

سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک و ئەو کۆمپانیایەی سەرپەرشتیی پرۆسەی پاککردنەوەی شارەکە دەکەن، جێبەجێکردنی 100ـی پلانەکەیان بە هۆی پاک و جوانی ئەو شارە دەگەڕێننەوە.

میللەت سالم، سەرۆکی شارەوانیی دهۆک ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی زیاتر لە 18 ملیار دینار (شەش ملیار بۆ هەر ساڵێک) گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی پاککردنەوە ئیمزا کردووە بە مەبەستی پاکڕاگرتنی شارەکە. بەم زووانە گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە و تا ساڵی 2024 کارکردن لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.

لەلایەن خۆیەوە بەدرخان کۆچەر، بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە هاوکاریی هاووڵاتییان، توانیویانە ئەو "پلانە سەرکەوتووەی" لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک دانرا بوو، سەدا 100 جێبەجێ بکەن و شارەکە بە پاکی بهێڵنەوە.