پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و چوار کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە؛ مەشهەدانی و عیساوی بەهێزترینیانن.

نزیکەی کاتژمێر 15:35ـی ئەمڕۆ شەممە، 18-05-2024، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد؛ لە دانیشتنەکەدا 258 پەرلەمانتار ئامادەن. هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی،  تەڵال زوبەعی و عامر عەبدولجەبار کاندیدن بۆ پۆستەکە، بەڵام چانسی مە‌شهەدانی و عیساوی لەوانەی دیکە زیاترە.

بۆ ئەوەی یەکێک لەو چوار کاندیدە دەربچێت، پێویستە لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بەدەست بهێنن. ئەگەر هیچ کامیان دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، پرۆسەکە دەچێتە خولی دووەم. لە خولی دووەمیش کامە کاندید زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق. 

د. ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "دەنگی سوننە بە تەنها یەکلاکەرەوە نییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق. دەنگی شیعەش کاریگەری خۆی هەیە و دەنگی کوردیش پێم وایە ئەم جارە کاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر یەکلاکردنەوە، چونکە دابەشبوونەکە بە شێوازێکە دەنگەکان لە یەکتری نزیکن و کورد دەتوانێت یەکلاکەرەوەی ئەو هەڵبژاردنە بێت".

بە گوتەی د. ڕێبوار هادی، "دەنگی لایەنە شیعییەکانیش کاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان دەنگەکانیان دابەشبوون و دەنگ بە یەک کاندیدای هاوبەش نادەن، دەنگی ئەوان وەکو دەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکلاکەرەوە نابێت". 

لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانتاریی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی عێراق چوار جار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووەوەتەوە بەڵام هەر چوار جارەکە شکستیان هێناوە.

دوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی کوتلەی سەدارەی سوننەکان لەگەڵ هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، چاوەڕوان دەکرێت پرسی بۆشایی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی سوننەکانە بە کاندیداکردنی مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان پڕ بکرێتەوە.

هەروەها هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر پشتیوانیی لە سالم عیساوی دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کە پشکی سوننەکانە، بەڵام دیار نییە کام کاندیدایەی سوننەکان کۆتایی بە سەرۆکایەتیکردنی بە وەکالەتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەهێنێت و دەبێتە شوێنگرەوەی حەلبووسی.

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ ئەمڕۆ دەستی پێ کرد و لە سێ تەوەر پێک دێت؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان، دووەم خوێندنەوە بۆ هەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، بە زۆرینەی دەنگ وەزری یاسادانان بۆ ماوەی 30 درێژکرایەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ دووەم هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا.