بەرگریی شارستانی زاخۆ: دوو کەس لە ڕووباری دیجلەدا خنکان

دوو کەس لە ڕووباری دیجلەدا خنکان
دوو کەس لە ڕووباری دیجلەدا خنکان

منداڵێکی یەک ساڵان و کچێکی تەمەن 18 ساڵ لە ڕووباری دیجلەدا خنکان. تەرمی کچەکە دەرهێنراوە و گەڕان بەدوای تەرمی منداڵەکە بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی زاخۆ بڵاوی کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 18-05-2024، کوڕ و کچێک لە گوندی "گورگیران" لەنێو ڕووباری دیجلە خنکاون.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کچەکە ناوی "جوان حوسێن شەریف"ـە و تەمەنی 18 ساڵە. کوڕەکەش ناوی "ئیلیاس یوسف"ـە و یەک ساڵان بووە.

تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تەرمی کچەکە دۆزراوەتەوە و دەرهێنراوە، بەڵام گەڕان بەدوای تەرمی منداڵە یەک ساڵانەکە بەردەوامە.  

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو دوو کوڕ و کچە ئامۆزای یەکدین؛ سەرەتا منداڵەکە کەوتووەتەوە نێو ڕووبارەوە، کچەکەش هەوڵی داوە ڕزگاری بکات، بەڵام دواتر هەردووکیان خنکاون.