هەولێر و دیاربەکر پەیوەندییە بازرگانییەکانیان فراوانتر دەکەن
پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر، باس لە فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و دیاربەکر دەکەن.
رۆژی شەممە(18ـی ئایاری 2024)، بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر، پێشوازیان لە سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربەکرو شاندێکی یاوەری کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پارێزگاری هەولێر لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەسەردانەکەی خۆی بۆ دیاربەکر کردووە و بە ئەزموونێکی سەرکەوتووی وەسفکردووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربەکریش سوپاسی پارێزگاری هەولێرو تیمەکەی کردووە لە هاوکارییان بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا، هاوکات دووپاتی لەسەر بەشداریی فراوانیی یەکە بازرگانیی و وەبەرهێنەرەکانیان کردوەتەوە لە پیشەنگای نێودەوڵەتی هەولێر.