زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق داوای بەردەوامیی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن
K24 – بەغدا:
زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق داوا دەکەن کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەردەوامیی هەبێت و گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان هەوڵ بۆ دواخستنی دانیشتنەکە دەدەن.
زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق بە تایبەت لاینگرانی سالم عیساوی واژۆیان کۆ کردووەتەوە دەیانەوێت کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەردەوامی هەبێت و گەڕی سێیەم دەنگدان بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی دیکەوە شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر هەیە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بەردەوام بێت و بچێتەوە گەڕی سێیەمی دەنگدان، بەڵام هەوڵێک بۆ دواخستنی دانیشتنەکە هەیە.
گوتیشی: حزبی تەقەدوم و سەدارە دەیانەوێت کاندیدەکەی خۆیان مەحموود مەشهەدانی دەربچێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی سالم عیساوی سوورن لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت بۆ ئەوەی پرسەکە یەکلا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پهرلهمانی عێراق دەستیپێکرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.
هاوکات هەر چوار بەربژێرەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلابکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، چاوەڕوان دەکرێت گەڕی سێیەم دەنگدان دەست پێ بکات.
دەنگەکانی گەڕی دووەم بەو شێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگ، سالم عیساوی 158 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 3 دەنگ.