عەممار ئەلعزاوی: پەکخستنی پەرلەمانی عێراق لێکەوتەی خراپی دەبێت
K24 – هەولێر:
سهرۆكی ناوهندیی یهرمووك بۆ لێكۆڵینهوه و پلاندانانی ستراتیژی، دەڵێت: پرۆسەی پەکخستنی دانیشتنی پەرلەمان لە ئارادابوو، ئەم گرژی و ئاڵۆزییەی ئەمڕۆی نێو پەرلەمان کاریگەریی زۆر خراپی دەبێت لەسەر سەقامگیریی سیاسی عێراق.
عەممار ئەلعزاوی، سهرۆكی ناوهندیی یهرمووك بۆ لێكۆڵینهوه و پلاندانانی ستراتیژی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لەناو پەرلەمان روویدا درێژەپێدان و بەردەوامی پێدانی پەکخستنی پرۆسەی دیموکراتییە لە عێراق، بکەرانی گرژی و ئاڵۆزییەکە ئامانجیانە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەو شێوەیە بمێنێتەوە.
سهرۆكی ناوهندیی یهرمووك بۆ لێكۆڵینهوه و پلاندانانی ستراتیژی، ئاماژەی بەوەدا، هەموو لایەک دەیانزانی گەڕی سێیەمی دەنگدانیش لە بەرژەوەندی سالم عیساوی یەکلا دەبوویەوە بۆیە هەندێک لایەن ئەوەیان قبوڵ نەکرد و گرژییان دروست کرد و کە بووە هۆکاری هەڵگرتنی دانیشتنەکە.
هاوکات دەڵێت: دەبوو مەندەلاوی بیگوتبایە دانیشتنەکە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی درێژە بە دەنگدانەکە بدرێت نەک هەڵگرتن بۆ کاتێکی نادیار ئەمەش پرۆسەکە پەک دەخات و وادەکات بکەوێتە بەردەم گۆڕانکاری سیاسی.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، پرۆسەی پەکخستنی دانیشتنی پەرلەمان لە ئارادابوو، هەندێک لایەن هەوڵیان دەدا کە مەشهەدانی هەڵبژێردرێت کاتێک مەشهەدانی زۆرینەی بەدەست نەهێنا پرۆسەکەیان پەکخست، ئەم پرۆسەیەش کاریگەری لەسەر سووننە هەیە.
عەممار ئەلعزاوی، گوتی: پەکخستنی پەرلەمانی عێراق لێکەوتەی خراپی دەبێت، هەورەها لە ئێستادا دیدگەی پارتە سیاسییەکان لە یەکدی دوورە، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا کاریگەریی زۆر خراپی دەبێت لەسەر سەقامگیریی سیاسی عێراق.
ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پهرلهمانی عێراق دەستیپێکرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.
هاوکات هەر چوار بەربژێرەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلابکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دروستووبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتاران، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.