جووتیارانی سنووری سه‌رگه‌ڕان به‌رهه‌مه‌كانیان دروێنه‌ ده‌كه‌ن

kurdistan24.net

جووتیارانی کورد لە پێنج گوندی ناحیەی سەرگەڕان، دوای هەڵگیرانی گەمارۆکانی سەریان، دەستیان بە دروێنەی بەروبوومەکانیان کرد.

گەمارۆکانی سەر جووتیارانی کورد لە پێنج گوندی ناحیەی سەرگەڕانی سنووری پارێزگای کەرکووک هەڵگیران و دروێنەی ڕەنجی ساڵیان دەکەن.

سەباح ئیسماعیل، جووتیارێکی سنووری سەرگەڕانە و دەڵێت، "سەرکەوتنێکی زۆر گەورەمان بە دەست هێناوە. عەرەبە هاوردەکان ئەو جارە بۆ لەناوبردنمان هاتبوون، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی هاتە سەر هێڵ و لێژنەکەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا سەردانی کردین، کێشەکە چارە کرا و سەرکەوتین".

جووتیارە کوردەکان هاوشێوەی جەژن پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن. خۆڕاگریی و بەرگریکردنیان لە خاک و یەکگرتووییان؛ خاڵی بەهێزی سەرکەوتنەکەیان بوو.

جووتیار عەبدولوەهاب خۆشحاڵی خۆی بە دروێنەی بەروبوومەکانیان دەربڕی و ڕایگەیاند، دروێنەی ڕەنجی ساڵیان دەکەن و ڕۆژەکە وەکو جەژن وایە بۆیان.

زیاتر لە دوو هەفتە بە بڕیاری سوپای عێراق، دروێنەی بەرووبوومی جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان قەدەغە کرابوو. دوای هاتنی شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، کێشەکە چارە کرا.

دروێنەکردن سەرەتای هەڵگیرانی گەمارۆکانی سەر جووتیارانی کورد بوو، بەڵام ئەمە کۆتایی کێشەکان نین و هەنگاوی گەورەتر لە پێش نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی عێراق هەن، بۆ ئەوەی بە یەکجاری پلانەکانی تەعریب پووچەڵ بکرێنەوە.