تەلار هیرانی جلە کوردییەکانی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەفرۆشێت

تەلار هیرانی، هونەرمەندی شانۆکار و بواری نواندن
تەلار هیرانی، هونەرمەندی شانۆکار و بواری نواندن

تەلار هیرانی، هونەرمەندی شانۆکار و نواندن، لەگەڵ هاوەڵە هونەرمەندەکەی "چریکەی شەماڵی عەبەڕەش" بە جووتە لە شەقامێکی سلێمانی دەستە جلە کوردییەکانیان دەفرۆشن و داهاتەکەشی دەبەخشنە نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەکردنی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە.

تەلار هیرانی لەبارەی ئەو کارە مرۆییەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەک، کە هونەرمەندێکم لەسەر تەختەی شانۆ و بەشدار لە چەند کارێکی درامیدا، ئێستا دەبینین، کەسە نزیک و هاونیشتمانیان و ئازیزانمان بە ڕادەیەکی ترسناک تووشی ئەو نەخۆشیە سەختە بوونەتەوە و پێویستیان بە هاوکاریی ئێمەیە، لەگەڵ چریکەی شەماڵی عەبەڕەش ئەو پڕۆژە خێرخوازییەمان ڕاگەیاندووە و دەستە جلە کوردییەکانمان کە بۆ فیلم و دراماکان لەبەرمان کردوون دەیان فرۆشینەوە و داهاتەکەی بە سندوقێک دەبەینە نەخۆشخانەی هیوا و بۆ کڕینی دەرمان و چارەی ئەو نەخۆشیە".

بە گوتەی تەلار هیرانی، "ئێستا خەڵکانێکی زۆر بە دەست نەخۆشییەکەوە گرفتارن. دەبێت ئێمە بە هەموو چین و توێژەکانەوە هاوکا ربین لە بەردەم هاوڕێ و ئازیزانمان لەم نیشتمانەدا".

ئەو هونەرمەندە ئەوەشی خستە ڕوو: "هەوڵ دەدەین پرۆژەکە بەردەوام بێت و خەڵکانێکی دیکەش بێنە سەر هێڵ و خەمی ئەوان لەگەڵ خۆیاندا بەش بکەن، قورسایی و بارگرانیی سەر شانی حکوومەت و نەخۆشەکانمان بە ڕادەیەک کەم بکەینەوە و لەمەولاش، بە پێی توانا، هونەرەکەمان دەخەینە خزمەت چارەی  نەخۆشییە."