ئەنجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق خشته‌كانی بودجه‌ی گشتیی بۆ ساڵی 2024 په‌سه‌ند كرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئەنجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگی لەسەر خشته‌كانی بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2024دا، هاوکات خشتەکان رەوانی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دانیشنێکی نائاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی سوودانی ئەنجامدا بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 و پەسەندکردنی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خشتەکانی بودجەی گشتی 2024 رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە (15ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوەچوو.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

کۆبونەوەکە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، "لە کەشێکی دۆستانە و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو لە هەردوولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئەرێنی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لەیاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو دروست ببوون، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت".