گوتەبێژی یەکێتی: قورسە 10ـی حوزەیران هەڵبژاردن بکرێت

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ئێمەش دڵنیاین قورسە 10ـی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر هەڵبژاردنەکە لەو وادەیەدا نەکرێت، کۆتایی دونیا نییە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "باشترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت؛ بەڵام ئەگەر نەشکرا ئەوە کۆتایی دونیا نییە و دەتوانرێت دواتر بکرێت".

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمەش دڵنیاین کە قورسە ڕۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت".

ڕۆژی شەممە، 18-05-2024، د. عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ڕایگەیاند، "جۆرێک لە ڕێککەوتن لە ئارادایە بۆ ئەوەی 15ی مانگی سێپتەمبەر (نۆ)، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکرێت؛ بە مەرجێک ڕووداوێک نەیەتە پێشەوە کۆی پرۆسەکە تێک بدات".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان، بڕیاریان داوە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە" بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، 09-05-2024، لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی بەسەرچوونی وادەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمانگی تەمووز، ئەستەمە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت. بۆ ئەوەی ماوەی کارکردنەکەی درێژ بکرێتەوە، پێویستە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە، ئەگەر ئەمە بکرێت شتێکی باش دەبێت، بەڵام بە ڕای من ئاسان نابێت".

لاهور شێخ جەنگی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئێستای یەکێتیی گرت و گوتی، "دەبووایە ئەوان (بەرپرسانی ئێستەی یەکێتی) خەڵک چەواشە نەکەن، چونکە من ئاگاداربووم بەشێک لە یەکێتی بە تایبەتی کاک قوباد، لەگەڵ برایانی پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ڕێک کەوتووە".

وەکو ئەوەی سەرۆکی هاوپەیمانی "بەرەی گەل" باسی کرد، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی ئاگەداری ڕێککەوتنی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەبێت، "ئەمە عەیبەیەکی گەورەیە، ئەگەر ئاگاداریش بێت و خەڵکیان چەواشە کردبێت، ئەمەش عەیبەیەکی ترە".

وابڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024 دوا خرا.

سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە؛ ڕێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی 11  کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکوەزیران داوای کردووە دادگاکە ئەو دابەشکارییە بە "نادەستووریی" بزانێت.

بڕگەکە تایبەتە بە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجەش سێ کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ تەرخانکرابوو.

ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بەپەلەی (ئەمری وەلائی) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 2ی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024.