شارەوانییەكانی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی كرد

شارەوانییەكانی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی كرد
شارەوانییەكانی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی كرد

وەزارەتی شارەوانی ڕایدەگەیەنێت، تەواوی شارەوانییەكان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە(19ـی ئایاری 2024)، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكانی سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ، دەربارەی ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی کۆبۆنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كراوە كە لە رۆأانی پێشوو لەلایەن وەزارەتی شارەوانی داوا لە شارەوانییەكان كرابوو دەست بە ڕێكارەكانی پرۆسەكە بكەن، هاوکات لەسەر نەخشە، زەویی پێشنیازكراو دەستنیشان بكەن لەگەڵ دیاریكردنی كێشە و گرفتەكانیان، بۆیە سەرجەم شارەوانییەكان نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دێنە بەردەم شارەوانییەكان و بابەتی دابینكردنی زەوی و كوژاندنەوەی زەوی و فراوانكردنی ماستەرپلانی هەندێك لە شارەوانییەكان تاوتوێ كران.

وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاندووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر جدیەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی زەوی كردەوەتەوە و ئاماژەی بەوە كرد ووە، پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینی بكەن، هەروەها جەختیشی لەسەر دیاریكردنی ستافێكی تایبەت لە شارەوانییەكان بۆ ڕووپێویكردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە كردەوەتەوە و ئاماژەی بەوەش كردووە، دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە،  پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.