مانگی سووری ئێرانی: ئەو شوێنەی فڕۆکەی ڕەئیسی لێ کەوتۆتە خوارەوە، بەردی تێدایە بەرزییان دەگاتە 70 مەتر

مانگی سووری ئێرانی
مانگی سووری ئێرانی

40 تیم بەدوای دۆزینەوەی رەئیسی و شاندەکەین، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، هیچ زانیارییەکمان لەبارەی چارەنووسی ڕەئیسی نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(19ـی ئایاری 2024)، مانگی سووری ئێرانی بڵاوی کردەوە، تیمەکانی فریاگوزاریی لەبەر سەختی کەشوهەوا ناتوانن بە فڕۆکە بگەنە شوێنی ڕووداوەکە، بۆیە تیمەکان لە ڕێگەی وشکانییەوە هەوڵی گەیشتن دەدەن.

بەگوێرەی زانیاریی مانگی سووری ئێران، ناوچەکە زۆر پڕ مەترسییە، خەڵکی ناوچەکەش لە کاتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ڕەئیسی، گوێیان لە تەقینەوەیەکی بەهێز بووە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئێستا کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە نووسینگەی عەلی خامنەیی بەرێوەدەچێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێرانی بلاوی کردەوە، ژیانی ڕەئیسی و حوسێن ئەمیر عەبدولهیان لە مەترسییە.

مانگی سووریش ئاشکرای کرد، ئەو شوێنەی فڕۆکەی ڕەئیسی لێ کەوتۆتە خوارەوە، بەردی هێندە گەورەی تێدایە  بەرزییان دەگاتە 70 مەتر.

بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، دڵمان لەگەڵ گەلی ئێراندایە.