جێگری سەرۆککۆماری ئێران، زانیاریی نوێ لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی ئاشکرا دەکات
K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای دەکات، پەیوەندییان بەو دوو کەسەوە کردووە کە لەناو هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکۆماری ئێراندا بوونە. هاوکات دەڵێت: ڕووداوەکە سەخت نەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (19ـی ئایاری 2024) موحسین مەنسووری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، پەیوەندییان بەو دوو کەسە کردووە کە لەنێو هێلیکۆپتەری سەرۆکۆماری ئێراندا بوونە، ئەمەش هیوایە بەهێزتر دەکات کە ڕووداوەکە زۆر سەخت نەبووە.
ميێدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن، ئەو ناوچەیەی کە هێلیکۆپتەرەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە جگە لەوەی ناوچەیەکی سەختە و گەڕان تێیدا ئەستەمە، ئاژەڵی دڕەندەشی لێیە وەک ورچ و پڵنگ.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئێران ڕایگەیاند، بارودۆخی کەشوهەوای ناوچەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار سەخت و باراناوییە ئەگەری بارینی بەفریش هەیە لە ناوچەکە.
لای خۆیەوە تیمەکانی فریاکەوتنی ئێران ئاماژەیان بەوە دا، بارودۆخی کەشوهەوای شوێنی ڕووداوەکە زۆر سەختە، گەڕانیش بە دوای سەرنشینەکانی هێلیکۆپتەرەکە بەردەوامە.
ڕۆژی یەکشەممە (19ـی ئایاری 2024) هێلیکۆپتەرێک کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی هاوڕێی بەرەو شاری تەورێز دەگواستەوە، تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بوو و ناچار بوو لە دۆخێکی زۆر سەخت و دژواردا بنیشێتەوە.
مێدیاکانی ئێران رایانگەیاند، سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و نوێنەری ئایەتوڵلا خامەنەیی لە تەورێز لە ناو کۆپتەرەکەدا بوون.
ڕووداوەکە، لە ناوچەیەکی نزیک شاری جوفا لە سنووری ئازەربایجان و نزیکەی 600 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای تاران ڕووی داوە.