سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: نزا بۆ سەلامەتی سەرۆککۆماری ئێران و سەرنشینەکانی هێلیکۆپتەرەکە دەکەین
K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رایگەیاند، رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە مایەی نیگەرانیمانە، نزا بۆ سەلامەتی سەرۆککۆماری ئێران و سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە دەکەین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران مایەی نیگەرانیمانە، هیوادارم سەرۆک ڕەئیسی و سەرنشینەکانی دیکە سەلامەت بن".
ئاماژەی بەوەدا، "دڵمان لەلای خۆیان و خێزانەکانیانە و نزا بۆ سەلامەتی هەموویان دەکەین".
رۆژی یەکشەممە (19ـی ئایاری 2024) هێلیکۆپتەرێک کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی هاوڕێی بەرەو شاری تەورێز دەگواستەوە، تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بوو و ناچار بوو لە دۆخێکی زۆر سەخت و دژواردا بنیشێتەوە.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و نوێنەری ئایەتوڵلا خامەنەیی لە تەورێز لە ناو کۆپتەرەکەدا بوون.
ڕووداوەکە لە ناوچەیەکی نزیک شاری جوفا لە سنووری ئازەربایجان و نزیکەی 600 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێرانەوە ڕوویداوە.