محەممەد موخبیر بە فەرمی ئەرکەکانی سەرۆککۆماری ئێرانی لە ئەستۆ گرت
محەممەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران ڕەزامەندیی خامنەیی وەرگرت و بە شێوەیەکی فەرمی ئەرکی سەرۆککۆمارى لە ئەستۆ گرت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-05-2024، هادى تەحان، گوتەبێژى ئەنجوومەنى پاراستنى دەستوورى ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، محەممەد موخبیر، جێگرى یەکەمى سەرۆککۆمارى ئێران؛ دوای ئەوەی ڕەزامەندیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەرگرت، ئەرکى سەرۆککۆمارى لە ئەستۆ گرت.
گوتەبێژى ئەنجوومەنى پاراستنى دەستوورى ئێران جەختی لەوە کردەوە، محەممەد موخبیر بە گوێرەى ماددەی 131ـی دەستوور، کارەکانی ڕایی دەکات تا ئەو کاتەی سەرککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژیردرێت.
بە گوێرەی ماددەی 131ـی دەستووری ئێران، دوای نەمان، ئامادەنەبوون، دوورخستنەوە، دەست لە کار کێشانەوە یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار، بە رەزامەندیی ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەدرێت.
محەممەد موخبیر کێیە؟
- لە ساڵی 1955 لە شاری دیزفولی سەر بە پارێزگای خوزستان لە دایک بووە.
- دوو بڕوانامەی دکتۆرای لە بوارەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردندا هەیە.
- سەرۆکایەتیی کۆمیتەی کاروباری خێرخوازیی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی کردووە.
- بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای خوزستان بۆ پەیوەندییەکان بووە.
- لە ساڵی 2010 یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی مووشەکی ئێرانەوە ناوی خستە لیستی سزاکانییەوە.
- لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 خرایە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە.
- لە مانگی ئابی 2021 پۆستی جێگری سەرۆککۆماری ئێرانی پێ سپێردرا.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و میدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.
سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:
- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز
- مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز
- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار
- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە
- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە