ئێران شوێنگرەوەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیانی دەست نیشان کرد

عەلی باقری کەنی
عەلی باقری کەنی

چەند کاتژمێرێک دوای سەلماندنی مردنی سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە و شاندی یاوەریان، بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان. عەلی باقری کەنی، وەک جێگرەوەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەست نیشان کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، حکوومەتی ئێران بەفەرمی ڕایگەیاند، عەلی باقری کەنی، لە جێگەی عەبدوڵلاهیان، لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەست بەکار دەبێت.

ئەو دیپلۆماتکارە تەمەنی 57 ساڵە، لە ساڵی 2021ەوە، پۆستی جێگری لە کاروباری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەرگرتووە. لە ساڵی 2007 تاوەکو 2013، پۆستی جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێرانی پێ سپێردراوە.

عەلی باقری، کوڕی محەممەد باقر باقرییە کە ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی شارەزایان بووە و برازای محەممەد ڕەزا مەهدەوی کەنییە. هەروەها لە دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەشدار بووە، بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییە ئەمەریکیانەی لە ئێران دەستگیر کرابوون.

هەروەها عەلی باقری کەنی، ڕۆلێکی باڵای لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا هەبووە.

عەبدوڵڵاهیان بەشداری لەو دانوستانانە کردووە کە لە حکوومەتی پێشوودا لەگەڵ گرووپی 4+1 (فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، چین و ڕووسیا) دەستی پێ کردبوو، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی دانوستانەکان شکستی هێنا.

لەدایکبوون و پەروەردەکردن

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ساڵی 1964 لە شاری دەمغان سەر بە پارێزگای سمنان (ڕۆژهەڵاتی تاران) لەدایک بووە. لە بنەماڵەیەکی ئاینیی شیعە مەزهەب لە پارێزگای سمنان گەورە بووە. دایکی و برا گەورەکەی دوای مردنی باوکی لە تەمەنی شەش ساڵیدا، ئیدارەی خێزانەکەیان گرتووەتە ئەستۆ. ساڵی 1994 ژنی هێناوە و هێناوە و کوڕ و کچێکی هەیە.

خوێندنی زانستی

عەبدوڵلاهیان دوای خوێندنی سەرەتایی لە زێدی خۆی و گواستنەوەی بۆ تارانی پایتەخت، لە ساڵی 1988 چووەتە کۆلێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوای چوار ساڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەست هێناوە.

هەروەها لە ساڵی 1996 بڕوانامەی ماستەری لەهەمان بەش بەدەست هێناوە، لە ساڵی 2000 گفتوگۆ لەسەر تێزی دکتۆراکەی کرا و بە پلەی نایاب دەرچوو.

کار و بەرپرسیارێتی

کە کۆلێجی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تەواو کرد، لە بەشی دیپلۆماسی دامەزرا، پێش ئەوەی بچێتە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا و پۆستی جێگری باڵیۆز وەربگرێت، کە لە ساڵی 1997 تا ساڵی 2001 لە پۆستەکەی بەردەوام بوو.

دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، وەک جێگری یاریدەدەری تایبەتیی وەزیری دەرەوە بۆ کارووباری عێراق دەستنیشان کرا تا ساڵی 2006 لەو پۆستە بەردەوام بوو.

لە کۆتا ساڵی ئەرکەکەیدا، وەک ئەندامی لێژنەی ئاسایشی سیاسی بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ترۆیکای ئەوروپی "بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا" دەستنیشان کرا.

ساڵی 2006 وەک یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی کاروباری کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە، پێش ئەوەی لە هەمان ساڵدا پلەی بەرزبکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی لیژنەی تایبەت بۆ کاروباری عێراق تا ساڵی 2007.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2007 وەک باڵیۆز لە بەحرەین دەستنیشان کرا، لە ساڵی 2010دا مەنامە بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە تاران بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پۆستی جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێتەوە ساڵی دواتر پلەی بەرزکرایەوە بۆ جێگری وەزیری دەرەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا.

دواتر لەلایەن محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران لە سەردەمی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە کارەکەی دوور خرایەوە، دوای ئەوە وەک یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران کاری کردووە و لە ساڵی 2016 تا ساڵی 2021 لە پۆستەکەی بەردەوام بووە، تا ئەوکاتەی لەلایەن سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسیەوە وەک وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا.

نووسراوەکانی

حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان ژمارەیەک کتێب و کۆمەڵێک بابەتی لەسەر سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نووسیوە، دوایینیان کتێبی (سباح الشام) بووە، کە لە ساڵی 2020دا چاپی کردووە، کە تیایدا بیرەوەرییە دیپلۆماسییەکانی خۆی سەبارەت بە قەیرانی سووریا و ئەو دیدارانەی لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەم قەیرانە هەرێمییە ئەنجامی داوە دەگێڕێتەوە.

کتێبەکانی

*"ستراتیجیی ئەمەریکا و کۆنتڕۆڵکردنی دوولایەنە" لە ساڵی 1999.

*"دیموکراسی دژبەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراقی نوێ" لە ساڵی 2007.

*"شکستی پڕۆژەی ئەمەریکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە" لە ساڵی 2012.

* "سەباح الشام" 2020.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و میدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.

سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:

- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران

- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز

 - مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز

- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار

- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە

- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە