خامنەیی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێرانی ڕاگەیاند
ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند و وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-05-2024، عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان ڕاگەیاند.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامەکەیدا پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە سەرتاسەریی وڵات ڕاگەیاند.
خامنەیی هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی ماددەی 131ی دەستوور، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی جێبەجێکردنی وڵات بەڕێوە دەبات و لەو بوارەدا دەبێ لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری هاوئاهەنگیی بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی 50 ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوە بچێت و سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.
لەلایەن خۆیەوە هادى تەحان، گوتەبێژى ئەنجوومەنى پاراستنى دەستوورى ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، محەممەد موخبیر، جێگرى یەکەمى سەرۆککۆمارى ئێران؛ دوای ئەوەی ڕەزامەندیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەرگرت، ئەرکى سەرۆککۆمارى لە ئەستۆ گرتووە تا ئەو کاتەی سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
بە گوێرەی ماددەی 131ـی دەستووری ئێران، دوای نەمان، ئامادەنەبوون، دوورخستنەوە، دەست لە کار کێشانەوە یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار، بە رەزامەندیی ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەدرێت.
محەممەد موخبیر کێیە؟
- لە ساڵی 1955 لە شاری دیزفولی سەر بە پارێزگای خوزستان لە دایک بووە.
- دوو بڕوانامەی دکتۆرای لە بوارەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردندا هەیە.
- سەرۆکایەتیی کۆمیتەی کاروباری خێرخوازیی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی کردووە.
- بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای خوزستان بۆ پەیوەندییەکان بووە.
- لە ساڵی 2010 یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی مووشەکی ئێرانەوە ناوی خستە لیستی سزاکانییەوە.
- لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 خرایە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە.
- لە مانگی ئابی 2021 پۆستی جێگری سەرۆککۆماری ئێرانی پێ سپێردرا.
کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و هاوەڵانی
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و میدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.
سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:
- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز
- مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز
- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار
- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە
- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە