ئیبراهیم ڕەئیسی لە خوێندنی سەرەتاییەوە تاوەکوو سەرۆککۆماری ئێران
ئیبراهیم ڕەئیسی سێزدەهەمین سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپەرەکەی لە سنووری پارێزگای ئازەربێجانی شەرقی لە باکووری ئێران گیانی سپارد، یەکێک بووە لەو بەرپرسانەی ئینقلابی ئێران کە لە زۆر بواردا ڕۆڵی هەبووە و کوردستان24 بەشێک وردەکارییەکانی ژیاننامەکەی دەخاتە ڕوو.
ئیبراهیم ڕەئیسی کێیە؟
ئیبراهیم ڕەئیسی لە تشرینی دووەمی 1960 لە بنەماڵەیەکی ڕۆحانی لە گەڕەکی نۆغانی شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لە دایک بووە، باوکی لە سەرۆکی سادات و دایکیشی خاتوو عیسمەت خوداداد حسێنی لە نەوەکانی ساداتی حسێنی بووە و بە گوێرەی پەیوەندیی بنەماڵەیی ڕیشەی خانەوادەی ئیبراهیم ڕەیسی لە هەردوو لایەنی باوک و دایکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ بنەچەی زەیدی کوڕی عەلی کوڕی حسێن پێنجەمین ئیمامی شیعەکان.
ئیبراهیم ڕەئیسی لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە باوکی کۆچی دوایی کردووە و قۆناغی خوێندنی سەرەتایی هەر لە شارەکەی خۆی و دواتر خوێندنی زانستی شەریعەی لە حەوزە و قوتابخانەی ئایەیوڵلا مەوسەوینەژاد دەست پێ کردووە و لە ساڵی 1975 بۆ درێژەدان بە خوێندنی زانستی فیقهی و شەریعەت چووتە حەوزەی زانستیی ئایەتوڵڵا برۆجەردی لە قوم، بۆ ماوەیەک لە ژێر چاودێریی و سەرپەرشتی ئیمام خومەینی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران بەردەوام بووە لە خوێندن.
سەرەتای چالاکییە سیاسییەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی
لە 7ی کانوونی دووەمی 1978 دوای بڵاوکردنەوەی وتاری سووکایەتیی بە ئیمام خومەینی لە ڕۆژنامەی ئیتڵاعاتی ئەوکاتی ئێران، کاردانەوەی جەماوەریی و ناڕەزایی دەرىڕین سەری هەڵدا کە زۆرینەی ناڕەزایی دەربڕینەکانی لە قوتابیانی قوتابخانەی زانستی شەریعەتی ئایەتوڵا بروجەردی (قوتابخانەی خان) بوون، ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک بوو لە چالاکانی ناڕەزایی دەربڕین و پێشکەشکردنی سیمینار و ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ بە تایبەت لە زانکۆی تاران.
دوای سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی ئێران بە ڕابەرایەتیی ئیمام خومەینی، ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ پێگەیاندنی قوتابیانی زانستی فیقهـ و شەریعەت لە شاری شەهروود لە مزگەوتی سولەیمان کۆمەڵەیەکی سیاسیی – ئایدۆلۆژیای پێگەیاندنی بە ناوی سەفەر دامەزراند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆجیای مارکسی و چەند کێشەیەکی دیکە کە لەو شارە سەریان هەڵدا بوو.
سەردەمی دەست بەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پۆستە ئیدارییەکان
لە ساڵی 1980 ئیبراهیم ڕەئیسی لە پۆستی یاریدەدەری داواکاری گشتیی کەرەج دەست بەکار بوو، دوای ماوەیەک بە فەرمانی شەهید قودووسی بە سەرۆکی داواکاری گشتیی کەرەج دەست نیشان کرا. دوای دوو ساڵ ئەرک و دەسەڵاتەکەی لە پۆستی داواکاری گشتیی فراوان کرا و لە شاری هەمەدان و کەرەج هاوکات ئەرکی داواکاری گشتیی دەگێڕا.
هەروەها لە ساڵی 1985 بە جێگری داواکاری گشتیی ئینقلابی ئێران دەست بەکار بوو، بەهۆی ڕۆڵی کارای لە چارەکردنی کەیسە ئاڵۆزەکانی یاسایی، لە سەر فەرمانی ئیمام خومەینی دەچێتە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و سێمنان بۆ چارەکردنی دۆسییە کۆمەڵایەتییەکان.
دوای کۆچی دوایی ئیمام خومەینی، ئیبراهیم ڕەئیسی بە بۆ پێنج ساڵ لە 1989 تاوەکوو 1994 بووە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری پارێزگای تاران، دواتر لە 1994 کراوە بە سەرۆکی کۆمەڵەی پشکنەرانی گشتیی ئێران و تاوەکوو 2004 لەو پۆستە بەردەوام بووە و بە یەکێک لە پایەکانی ڕێکخستنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوبانگی دەرکرد بوو.
لە ساڵی 2004 بۆ 2014 بە فەرمانی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ 10 ساڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری تەواوی ئێران بووە ڕۆڵی کارای هەبووە، دواتر لە 2014 بۆ 2016 بووتە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری گشتیی ئێران.
ئیبراهیم ڕەئیسی لە 18ی حوزەیرانی 2021 لە هەڵبژاردنی گشتیی ئێران بە 18 ملیۆن دەنگ بە سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا.
ژنهێنان و پێکهێنانی خێزان
ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵی 1983 و لە تەمەنی 23 ساڵیدا، لەگەڵ دکتۆرە جەمیلە سادات عەلەم هودا کچی ئایەتوڵڵا سەید ئەحمەد هودا ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە. هاوژینەکەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری فەلسەفە بوو لە زانستەکانی پەروەردە لە زانکۆی شەهید بەهەشتی تاران و سەرۆکی پێشووی پەیمانگەی زانستە مرۆییەکان بووە.
ڕەئیسی باوکی دوو کچە و کچە گەورەکی ماستەری لە فەلسەفەی پەروەردەیی هەیە و وانەبێژی بوارە زانستییەکەی خۆیەتی لە زانکۆی شەهید بەهەشتی تارانە و چەند بڕوانامەیەکی دیکەی زانستی هەیە، کچە بچووکەکەشی پسپۆرییەکەی لە زانستی فیزیایە لە زانکۆی شەریف بە دەست هێناوە و هەردوو کچەکەشی شوویان کردووە.
ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، دوای زیاتر لە 18 کاتژمێر گەڕان لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران، هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماریان بە تێکشکاوی دۆزرییەوە.
مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، سەرۆککۆماری ئێران بە یاوەری حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەو هەر یەک لە محەممەد عەلی هاشم، پێشنوێژ و تارخوێنی نوێژی هەینی تەورێز، مەلەک ڕەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، تیمی فڕۆکەوانی هەلیکۆپتەرەکە کە ژمارەیان نۆ کەس بووە سەرجەمیان مردوون.
ئیبراهیم ڕەئیسی دوێنێ دوای بەشداربوونی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بەنداری قیز قەڵاسی، لە ڕێگەی گەڕانەوە بەرەو تەورێز لە ناوچەی وەرزقان هێلیکۆپتەرەکەیان کەوتە خوارەوە تەواوی سەرنشینەکانی مردن.
سەرنشینانی نێو هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران:
- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
- حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز
- مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز
- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار
- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە