حکوومەتی عێراق ڕۆژێک ماتەمینیی گشتیی ڕاگەیاند

ئاڵای عێراق
ئاڵای عێراق

بەهۆی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران، حکوومەتی عێراق سبەی سێشەممە وەکو ماتەمینیی گشتیی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20-05-2024، باسم عەوای، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "وەکوو هاوخەمی و هاوسۆزییەک لەگەڵ گەل و حکوومەتی ئێران"، بەهۆی کۆچی دوایی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەی وڵاتەکە؛ سبەی سێشەممە، 21-05-2024 لە سەرتاسەری وڵات ماتەمینی گشتییە.

لە لایەکی دیکەوە هەر یەکە لە ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، سووریا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و لوبنانیش بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتییان بەهۆی ڕووداوەکەوە لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاندووە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان ڕاگەیاند.

خامنەیی هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی ماددەی 131ی دەستوور، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی جێبەجێکردنی وڵات بەڕێوە دەبات و لەو بوارەدا دەبێ لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری هاوئاهەنگیی بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی 50 ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوە بچێت و سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.

 کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و هاوەڵانی

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و میدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.

سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:

- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران

- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز

 - مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز

- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار

- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە

- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە