سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕووداوەکەی ئێران: زۆر خەمگین بووم

سەرۆک بارزانی (وێنە: بارەگای بارزانی)
سەرۆک بارزانی (وێنە: بارەگای بارزانی)

سەرۆک بارزانی دەڵێت، بە بیستنی هەواڵی گیانسپاردنی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوەی ئێران و هاوەڵانیان لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان "زۆر خەمگین بووم".

ئەمڕۆ دووشەممە، 20-05-2024، سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران بڵاو کردەوە: "بە بیستنی هەواڵی گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆمار و عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووداوی دڵتەزێنی کەوتنەخوارەوەی هیلیکۆپتەر زۆر خەمگین بووم".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەت و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەکەم. خودای گەورە سەبووریی هەموو لایەک بدات".

کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و هاوەڵانی

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.

سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:

- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران

- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز

 - مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز

- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار

- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە

- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە 

ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی لە عێراق

باسم عەوای، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "وەکوو هاوخەمی و هاوسۆزییەک لەگەڵ گەل و حکوومەتی ئێران"، بەهۆی کۆچی دوایی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەی وڵاتەکە؛ سبەی سێشەممە، 21-05-2024 لە سەرتاسەری وڵات ماتەمینی گشتییە.

لە لایەکی دیکەوە هەر یەکە لە ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، سووریا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و لوبنانیش بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتییان بەهۆی ڕووداوەکەوە لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاندووە.

هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران

عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان ڕاگەیاند.

خامنەیی هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی ماددەی 131ی دەستوور، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی جێبەجێکردنی وڵات بەڕێوە دەبات و لەو بوارەدا دەبێ لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری هاوئاهەنگیی بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی 50 ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوە بچێت و سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.

بە گوێرەی ماددەی 131ـی دەستووری ئێران، دوای نەمان، ئامادەنەبوون، دوورخستنەوە، دەست لە کار کێشانەوە یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار، بە رەزامەندیی ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەدرێت.

محەممەد موخبیر کێیە؟

- لە ساڵی 1955 لە شاری دیزفولی سەر بە پارێزگای خوزستان لە دایک بووە.

-  دوو بڕوانامەی دکتۆرای  لە بوارەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردندا هەیە.

- سەرۆکایەتیی کۆمیتەی کاروباری خێرخوازیی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی کردووە.

- بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای خوزستان بۆ پەیوەندییەکان بووە.

- لە ساڵی 2010 یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی مووشەکی ئێرانەوە ناوی خستە لیستی سزاکانییەوە.

- لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 خرایە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە.

- لە مانگی ئابی 2021 پۆستی جێگری سەرۆککۆماری ئێرانی پێ سپێردرا.