ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ سکاڵایەکی مەسرور بارزانی دەکات

وێنەیەکی تێکەڵاو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (وێنە: کوردستان24)
وێنەیەکی تێکەڵاو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (وێنە: کوردستان24)

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی سیستەمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان بەڕێوەدەچێت.

وا بڕیاربوو دانیشتنەکە یەکشەممەی ڕابردوو، 19-05-2024 بەڕێوەبچێت، بەڵام پارێزەر ئەیاد کاکەیی، کە بریکاریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوو لە دادوەرانی دادگای فیدراڵی لە مۆڵەتدابوون، بۆیە دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ سێشەممە دواخراوە.

وردەکاریی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی یەکشەممە، 06-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە، پارێزەر ئەیاد کاکەیی، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد.

سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە؛ ڕێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی 11  کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکوەزیران داوای کردووە دادگاکە ئەو دابەشکارییە بە "نادەستووریی" بزانێت. 

رۆژی 22-02-2024، دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندن. 11 کورسییەکە بەم شێوەیە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشکرابوون: پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.

وەڵامی دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بەپەلەی (ئەمری وەلائی) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 2ی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024.

بڕگەکە تایبەتە بە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجەش سێ کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ تەرخانکرابوو.

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوو، جێبەجێکردنی بڕگەکە ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.