فەرەنسا پشگیری لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئیسرائیل و حەماس

فەرەنسا، پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی، کە داواکاری گشتی داوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی سەرکردەکانی ئیسرائیل، بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ دەربکرێت، لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس.

 وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فەرەنسا پاڵپشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و سەربەخۆیی و سزادانی هەموو کەیسەکان دەکات، وەزارەتەکە ئیدانەی "کۆمەڵکوژیی دژە جووەکان کرد کە لەلایەن حەماسەوە ئەنجامدرا" لە کاتی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆشداری بە ئیسرائیل دراوە، "کە پێویستە پابەندی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بێت، بەتایبەتی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی تەواو".

 داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کەریم خان، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، داوای فەرمانی دەستگیرکردن دەکات دژی نەتانیاهۆ و وەزیری بەرگریی یۆئاڤ گالانت، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان لەوانە "برسیکردن، کوشتنی بە ئەنقەست و کۆمەڵکوژی".

لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکراوە، ئیسرائیل "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و تۆمەتبارە بەوەی هێرشێکی بەرفراوان و سیستماتیکی دژی هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی ئەنجامداوە".

 هەروەها کەریم خان داوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ سەرکردەی باڵای بزووتنەوەی حەماس دەرکردووە، ئەوانیش بریتین، لە "یەحیا سینوار، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە لە غەززە، محەممەد دیاب ئیبراهیم، فەرماندەی لیواکانی ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەکە و ئیسماعیل هانیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە بە تۆمەتی جینۆساید، بارمتەگرتن".

خان باسی لەوەشکردووە، "یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی شەڕی چەکداری هەموو کەسێک دەگرێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ سەربازێک یان فەرماندە یان سەرکردەیەکی مەدەنی، هیچ کەسێک ناتوانێت بە بێ سزا دەرچێت".

 بنیامین ناتانیاهۆ "بە بێزارییەوە" داواکارییەکەی داواکاری گشتی دادگای ڕەتکردەوە.