ئەردۆغان: گەشەی دانیشتوانی تورکیا لەبەردەم هەڕەشەی پیربوونە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

کەمبوونەوەی ژمارەی وەچەخستنەوە لە تورکیا بووەتە جێگەی نیگەرانیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بە هەڕەشە بۆ سەر گەشەی دانیشتووانی وڵاتەکەی دەزانێت و ڕایگەیاند، دۆخەکە کارەساتە و ئەوەی هەیە هەڕەشەیە لەسەر کۆمەڵگەی تورکیا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا گوتی "تۆمارەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا لە بارەی گەشەی دانیشتووان و وەچەخستنەوە مایەی نیگەرانییە،  ساڵی 2001 وەچەخستنەوە 2.3% بوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە بۆ 1.51% کەمی کردووە لە کاتێکدا ڕێژەی گەشە و نوێ بوونەوەی دانیشتووان %2.1 ـە، هەربۆیە تورکیا لە ژێر ئەو ڕێژەیە و بە ڕاشکاوی دەیڵێم، ئەمە کارەساتە و  هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی تورکیا".

ئەردۆغان جارێکی دیکە جەختی کردەوە پێویستە هەر خێزانێکی تورکیا بەلایەنی کەمەوە سێ منداڵ بخنەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە پیربوون ڕزگار بکەن.

سەرۆکی تورکیا گوتیشی""پێشتر ئەمەمان بینیبوو بۆیە وەک دەزانن بەشێوەیەکی بەردەوام پێشنیازی سێ منداڵمان بۆ خێزانەکان دەکرد. بەو هۆیەوە چەندینجار ڕووبەڕووی رەخنە بووینەتەوە، بەداخەوە کات دەریخستووە پێشبینییەکانمان ڕاستبوون. ئەمڕۆ گرنگیی پێشنیازی سێ منداڵ زیاتر دەرکەوتووە، پێویستە ئەمە لەیاد نەکەین، ژمارەی دانیشتووان گەورەترین هێزمانە و پێویستە ئەم هێزە بپارێزین و لە داهاتوودا زیاتر پێداگیری لەم بابەتە دەکەینەوە". 

قسەکانی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ڕێژەی وەچەخستنەوە بۆ ساڵی 2023 لەو وڵاتە %1.51، بەڵام بە گوێرەی ستانداردی جیهانی ڕێژەی نوێ بوونەوەی گەشەی دانیشتووانی هەر وڵات و کۆمەڵگەیە دەبێت %2.1 بێت. هەروەها بەرزترین ڕێژەی وەچەخستنەوە لە رحای باکووری کوردستان تۆمارکراوە، لەبەرامبەردا بارتن کەمترین ڕێژەی وەچەخستنەوەی تێدا تۆمارکراوە.