ئایدن مەعروف: بڕیاری پێدانی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان ڕەتدەکەینەوە

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ پێدانی پێنج کورسی بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بڕیارەکە "هەڵە و نادادپەروەرانەیە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پێدانی پێنج کورسی لە 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بە پێکهاتەکان؛ لێدوانی بۆ کوردستان24 دا.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی، "بەو بڕیارە ڕازی نین، لە بەر ئەوەی بوونی پێکهاتەکان و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگە." ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئێستادا پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، هەروەها دەبێت زیاتر مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێت".

وەکو ئەوەی ئایدن مەعروف ئاماژەی پێ دا، "ئەو بڕیارەی دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سیاسی دەزانین. دابەشکردنی کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای جوگرافیا و کەمکردنەوەی بۆ پێنج کورسی، کەمکردنەوەیە لە هەیبەتی نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان".

بە گوتەی ئایدن مەعروف، "بڕیارەکە زیاتر بۆ بەرژەوەندیی سیاسی بووە. ئێمە ئێستادا چاوەڕوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین، چونکە ئەو بڕیارەی ئێستا دراوە، ماف و داواکارییەکانی نوێنەرانی پێکهاتەکان لەبەرچاو نەگیراوە. هەروەها ئێمە پێشتر داوای گەڕاندنەوەی 11 کورسی کۆتامان کردبوو، ئەو دابەشکردنەش بەو جۆرە زۆر هەڵەیە".

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لەوەش کرد، "نەتەوەی تورکمان، نەتەویەکی ڕەسەنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ بۆیە لە ئێستادا تەرخانکردنی دوو کورسی کۆتاکان بۆ تورکمان قەبوڵکراو نییە، لەهەمان کاتیشدا دابەشکردنی کورسیەکانیش سیاسییە و بۆ بەرژەوەندی لایەن سیاسییەکانە".

لە 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان؛ پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان دەکرێن

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە چوارچێوەی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆ دەبێتەوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی 95 کورسییەکەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا، دوای ئەوەی پێنج کورسی لە چوارچێوەی 100 کورسییەکە بۆ پێکهاتەکان تەرخان کران.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان بەڕێوەدەچێت.