سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵانی دەکات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵانی کرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسولی گشتیی ئێران و ستافی کونسوڵخانەوە پێشوازیی لێ کرا .
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی و هاوخەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران؛ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و یاوەرانیان پێگەیاندن کە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان گیانیان سپارد.
لەلایەن خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئێران، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ بەشداری و هاوخەمیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی .
پێشتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی "قووڵ"ـی خۆی ئاراستەی ڕێبەرایەتی و حکوومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بوو، بۆ کۆچی دوایی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و هاوڕێکانیان.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردبوو، "لە خوای مەزن داواکارین گیانی خوالێخۆشبووان بخاتە بەر بەزەیی خۆی و سەبر و دڵنەواییش بە بنەماڵە و کەسوکار و خەڵکی ئێران بە گشتی ببەخشێت. لەم کاتە سەختەدا، هاوخەمی و هاوپشتیی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکەینەوە".
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری كۆچكردووی ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و یاوەرانیان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن.